کلیلی بە ختیاری

2/13

٢ - پێویستی گوناهبار بە مەسیح

مرۆڤ هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە، خودا توانا و ئەقڵ و بیری پێ بەخشییوە، بۆیە ژیانی بووە ژیانێکی تەواو ڕێک کەوتن لەگەڵ خودا، بیرەکانی خاوێن و ئامنجەکانی پیرۆز بوون . بەڵام کە یاخی بوو سەرپێچی لە فەرمانەکانی خودا کرد، گومڕایی و خۆپەرستی جێی خۆشەویستی و بڕوای گرتەوە، مرۆڤ ئەوەندە لاوازە بێ دەسەڵات بوو کە نەیتوانی بەهێزی خۆی بەرگری لە هێزی تەفرە و گوناه بکات، چونکە شەیتان دیلی کردبوو. ئەگەر خودا چاوی خۆشەویستی و ڕەحمەتی و یارمەتی لە مرۆڤ نەبوایە، بۆ هەمیشە شەیتان مرۆڤی لە چنگی خۆیدا دەهێشتەوە . مەبەستی شەیتان تێکدان و پووچەڵ کردنی پلان و نەخشەی خودا بوو بەرانبەر بەمرۆڤ، بۆ ئەوەی لە ڕێگای مرۆڤەوە زەوی پڕبکات لە گوناه و بەڵا و دەردەسەری، تا گشت بەدی و خراپییەکان بخاتە پاڵ خودا لە خولقاندنی مرۆڤدا. KB 9.1

مرۆڤ پەیوەندییەکی پاک و خۆش و بێگەردی لەگەڵ خودا هەبوو “ئەوەی هەموو گەنجینەی دانایی و زانستی تێدا شاراوەتەوە” (کۆلۆس ٢: ٣)، بەڵام پاش گوناه و لادان لە پاکی و بێ گەردی، خۆشی و بەختەوەری بەدی نەدەکرد، بە پەیوەندی و ڕووکردنە خودا دڵ خۆش نەدەبوو، بۆیە هەوڵی خۆشاردنەوەی دەدا لە خودا.گوناهکار غیرەت و توانای تێکەڵاوی و ڕووبەڕوو بونەوەی خودا و فریشتەکانی نییە و لە زەتی لێ نابینێت. ئەگەر ڕێی پێ بدرێت بەرەو بەهەشتی ئاسمان بچێت، بۆ ئەو خۆشی تێدا نابێت. گیانی لەگەڵ گیانی بەڕەحم و خۆشەویستی پاک و ڕەوشت بەرزی کە لە وێ فەرمان ڕەوایە، وە دڵی لەگەڵ دڵی خۆشەویستی بێ سنووری ئەوێ یەک ناگرێتەوە. گیانی پڕ گوناه و ڕاڕای ئەو لە گەل گیانی پاک و بێگوناهی نیشتەجێی ئەوێ بێگانە و ناکۆکن و دەبنە ئاوازیکی ناساز و نەگونجا و لەگەڵ ئاوازی بێگەردی ئاسمانیدا. ئاسمان بۆ ئەو دەبێتە جێی ئازار و ئەشکەنجە، تەنانەت دەیەوێت خۆی بشارێتەوە لە وەی کە سەرچاوەی ڕووناکی و مەڵبەندی خٶشی ئەوێ یە. بێ بەش بوونی گوناهکارانە لە چوونە ئاسمان کاری نییە بەفەرمانی خوداوە، بەڵکو گوناه و بەدکاری خۆیان ڕێگەیان لێ دەگرێت. مەزنی و پایەبەرزی خودا لێیان دەبێت بە ئاگرو قووتیان دەدا، تا دەپاڕێنەوە و ڕوو دەکەنە مەسیح کە زەحمەتی کێشا و مرد بۆ قوربانی و ڕزگاری ئەوان. KB 9.2

مەحاڵە ڕزگارمان بێت لە چاڵی گوناه کە تێیدا نوقومین، دڵ و دەرونی ئێمە بەدکاری و خراپەی تێدایە و کە لە تواناماندا نییە بیگۆڕین، هەر وەک ئەیوب باسی دەکات و دەڵێت “کێ پاکی لە گڵا و دەردەهێنێت؟ هیچ کەس” (ئەیوب ١٤: ٤)، بەپێی ووتەی پێغەمبەر پۆڵس “بۆیە بایەخدان بە لە ش دوژمنایەتی خودایە، چونکە لە ش گوێڕایەڵی یاسای خودا ناکات، لەبەر ئەوەی لە توانایدا نییە” (ڕۆما ٨: ٧). پەروەردە و زانیاری، فەرهەنگ، مەشقی دەروونی و هەموو ئەو کۆشش و هەوڵانەی مرۆڤ کە دەیدەن لە پێناوی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا، گشتییان نرخ و شوێنی خۆیان لە گۆشەکانی تری ژیاندا هەیە، بەڵام لەم باسەدا نرخ و دەورێکی ئەوتویان نییە، دەشێ لە چاککردن و ڕاستکردنەوەی ڕەوشتی مرۆڤ وەک هۆکارێکی دەرەکی کاریگەر بن، بەڵام ناتوانن لە ناخەوە دڵ بگۆڕن و سەرچاوەی ژیان پاک بکەنەوە. چونکە گواستنەوە لە ژیان گوناه و بەدخووی و کینە بۆ ژیانی چاکە و ڕاستگۆیی و خۆشەویستی، پێویستی بە هێزیکە کە توانای گۆڕینی مرۆڤی هەبێت لە ناوەو، بۆ نیاز و چاوەڕوانی ژیانێکی نوێ کە لە سەرەوە دەست دەکەوێت؛ ئەم هێزەش مەسیحە. تەنها بەخشندەیی و ڕەحمەتی ئەو دەتوانێ گیانی مردوو بژێنێتەوە و لە خودا نزیک بخاتەوە و بیخاتە ژیانێکی پاک و پیرۆزەوە . KB 10.1

عیسا ووتی “کەس ناتوانێ پادشاهێتی خودا ببینێت غەیری ئەو کەسەی کە لە ئاسمان لەدایک دەبێ” (یۆحەننا ٣: ٣) یانی دەبێ دڵێکی نوێ، ویستێکی نوێ، بیر و باوەڕێکی نۆێ، ئامانجێکی نوێی هەبێت، کە بریتییە لە ژیانێکی نوێ. ئەو بیر و ڕایەی کە دەڵێت تەنها ئەوە پێویستە کە بریتییە لە ڕەوشی چاکە و باشی کە بەشێوەیەکی سرووشتی لە دەروونی مرۆڤدا هەیە پەرە بستێنێ و پێ بگات، ئەوە بیرۆکەیەکی هەڵفریوێنەرە. “مرۆڤ بەو هەستە سرووشتییەی کە هەیەتی ناتوانێ ئەوەی کە هی ڕۆحی خودایە وەری بگرێت، چونکە ئەمانە هەموو لە سەروو توانای تێگەیشتنی ئەودایە و ناتوانێ تێیان بگات، چونکە وەرگرتنی پێویستی بە هەستی ڕۆحی هەیە.” (١ کۆرنسۆا ٢: ١٤). “سەرت سوڕنەمێنێت کە بەتۆم ووت پێویستە سەر لە نوێ لە دایک بیتەوە” (یۆحەننا ٣: ٧) ئەمە لە لایەک وە لە لایەکی تریشەوە تەنها مەسیح بەم جۆرە لە سەری نوسراوە “ژیان لەودا بوو، ئەو ژیانەش ڕووناکی مرۆڤ بوو” (یۆحەننا ١: ٤) وە هەروەها “تەنها لە ڕێگەی عیساوە ڕزگار دەبین، چونکە جگە لە و لە ژێر ئاسماندا ناوێکی دی نییە خودا پێشکەشی کردبێت بە مرۆڤ بەهۆیەوە ڕزگارمان بێت” (کرداری نێردراوان ٤: ١٢). KB 10.2

تەنها بەس نییە هەست بە میهرەبانی خودا بکەین، وە لە ڕەوشتی سۆز و بەزەی باوکانەی تێبگەین، بەسیش نییە هەست بە زانایی و دادپەروەری یاسای ئەو بکەین، وەببینین کە لە سەر پایەی بڕوا و خۆشەویستی هەمیشەیی دامەزراوە. پۆڵس گشی ئەمانەی دیبوو کە ووتی “من ئەو یاسایە پەسەند دەکەم چونکە باشە” وە “یاساکە پیرۆزە، دەستورەکەی پیرۆز و دادپەروەر و چاکە”. بەڵام بە دڵی پڕ لە ژان و نائومێدییەوە لە سەری ڕۆیشت و ووتی “من لە شم فرۆشراوە بە گوناه” (ڕۆما ٧: ١٤، ١٢، ١٦)، ئەو شەیدای پاکی و ڕاستی بوو، بەڵام لە دەروونی خۆیدا نەیدەتوانی پێیان بگات، بۆیە هاواری کرد “وای لە من کە چەند بەدبەختم، کێ لە لاشەی ئەم مەرگە ڕزگارم دەکات ؟” (ڕۆما ٧: ٢٤)، ئەم جۆرە هاوارە هەمیشە هەستاوە لە هەر سەردەم و لە هەر شوێنیکدا لە وانەی کە دڵیان بە گوناه قورس بووە، وە بۆ هەموو ئەم کەسانە تەنها یەک وەڵام هەیە کە خودا فەرموویەتی “بڕوانن کە ئەمەیە بەرخی خودا کە گوناهی جیهان لادەبات.” (یۆحەننا ١: ٢٩). KB 10.3

نیشانە و بەڵگە زۆرن کە گیانی خودا هەوڵی داوە ئەم ڕاستییە ڕوون بکات بۆ هەموو کەسێک کە ئارەزووی ئازادبوونی هەبێت لە ژێر باری سەنگینی گوناهدا. یەکێک لە و وێنانە کە خودا ئاشکرای کرد بۆ ڕاکردنی یەعقوب بوو دوای هەڵخەڵەتاندنی ئیسحاقی باوکی، کاتێک کە یەعقوب هەستی بە قورسی باری گوناه دەکرد و مەترسی لە گوناه و پتر لە تەنیایی و بێ بەشی و دووری، گیانی دەگوشی و ئازاری دەدا و ترسی لە وە بوو کە گوناه جیای بکاتەوە لە خودا و لە ئاسماندا دووری بخاتەوە، بە خەفەت و بێزارییەوە لە سەر زەوی ڕاکشا کە بێجگە لە چۆڵەوانی هیچی لێ بەدی نەدەکرا، خەوی لێکەوت، ڕووناکي یەکی سەیر بەبەر چاویدا هات، دیمەنی پەیژەیەکی بەرینی دی لە دەشتە کە هەڵگەڕابوو بەرەو ژوور بۆ دەروازەی ئاسمان، لە سەر پلیکانەکانی فریشتەی خودا دەچونە سەرێ و دەهاتنە خوارێ، لە قووڵای سەرەوە دەنگی خودای ئاسمانی بە پەیامی دڵنەوایی و هیواوە بیست کە بۆ یەعقوب نیاز و ئارەزووی دڵی دەردەخست، کە خودای گەورە پارێزگاری دەکات، بەخۆشییەوە سوپاسی یەزدانی کرد کە ئەو ڕێگەیەی بۆ ئاشکرا کرد، کە وەک و گوناهکارێک دەتوانێت دوو بارە پەیوەندی بە خوداوە بکاتەوە، چونکە ئەو پەیژەیەی لە خەونەکەیدا دیبووی نیشانەی عیسا بوو، کە بووە پردی نێوان خودا و مرۆڤ. KB 11.1

مەسیح پەنجەی بۆ هەمان نیشانە ڕاکێشا کە لەگەڵ نەتەنائیل دەدووا، کاتێ کە ووتی “لە ئێستاوە ئاسمان بە کراوەیی دەبینن، فریشتەکانی خودا بەسەر کوڕی مرۆڤدا سەردەکەون و دادەبەزن” (یۆحەننا ١: ٥١)، مرۆڤ بەیاخی بوون و پشت کردنە خودا خۆی کردە بێگانە لەگەڵ ی، زەوی لە ئاسمان دابڕا، لە نێوانیاندا دانران و هەڵدێرێک دروست بوو کەس نەیتوانی لێی بپەڕێتەوە. بەڵام مەسیح بووە پردی نیوان ئەو دابڕان و هە لدێرە کە گوناه دروستی کردبوو، ئەو بووە ڕێگای پەیوەندی و یارمەتی فریشتەکانی خودا بۆ مرۆڤ. KB 11.2

مرۆڤی لاواز و بێ چارە لە ڕێگای مەسیحەوە دەتوانێ لەگەڵ خودا پەیوەندی بکات کە تەنها سەرچاوەی هێزی لە بن نەهاتوی جیهانە. بێ هودەیە مرۆڤ خەون بەپێشکەوتن و سەرکەوتنەوە ببینێت، بێ هوودەیە بییەوێت پلە و پایەی مرۆڤایەتی بەرز بکاتەوە، هەتا سووربین لە سەر پشت گوێ خستنی تەنها سەرچاوەی ئاسمانی، کە سەرچاوەی هیوا و یارمەتی کۆمەڵگای مرۆڤی بێچارەیە، چونکە “هەموو دیارییەکی چاک و بەهرەیەکی بێ هەڵە لە خوداوە دێت” (یاقوب ١: ١٧). هەروەها بێ سوودە هەوڵی مرۆڤ بۆ خوو ڕەوشتی باش ئەگەر لە مەسیح دوور بێت، لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە خودا، مەسیح دەڵێ “من ڕێگا و ڕاستی و ژیانم، کەس ناگاتە خودا لە ڕێگای منەوە نەبێت.” (یۆحەننا ١٤: ٦). KB 12.1

خودا دڵی دەسووتێ بەمنداڵانی سەر زەوی لەگەڵ خۆشەویستییەکی بە هێز لە مردن، ئەو خێر و خۆشی بەهەشتی ئاسمانی لە دیارییەکدا بەسەر هەمووماندا هەڵڕشتووە، بەخشینی ژیان، و مردنی تەنها ڕۆلەی ڕزگارکەرمان، خزمەتگوزاری فریشتتەکان، نزا و پاڕانەوەی ڕووح، لە سەروو هەموانەوە چاودێری و یارمەتی و ڕەحمەتی باوکی ئاسمانیمان. گشت ئەمانە بۆ ڕزگاری مرۆڤ تەرخان کراون، ڕزگارییەکی هەتا هەتایی. KB 12.2

بابڕوانینە ئەو قوربانییە سەر سوڕمێنەرەی کە لە پێناوی ڕزگارکردنی ئێمەدا ئەنجام درا، با بایەخ و نرخێکی بەرز بدەین بەو وزە و کۆششەی کە لە ئاسمانەوە بەخت دەکرێت بۆ ڕزگاری سەرلێشێوان و گەڕانەوەیان بۆ ڕێی ڕاست و بۆ ماڵی باوکی. وردبوونەوە و سەرنج دان لە قوربانیەکانی مەسیح لە هەموو شتێک زیاتر پالپشت و هاندەر و بزوێنەرمانە، ئایا پاداشت و خەڵاتی نایاب بۆ ئەوانە نییە کە بەکاری چاکە هەڵدەستن؟ شادی ئاسمانی، هاوبەشی کردن لە خۆشەویستی باوک و کوڕ، گشتی ئەمانە شایستەی ئەوە نین کە لە کانگای دڵەوە خزمەتێک پێشکەش بەخودا و مەسیح بکەین؟ KB 13.1

لە لایەکی ترەوە، ووتەکانی خودا وریامان دەکاتەوە لە خزمەت کردن بە شەیتان. لە گوناهکردن، ئازاردان، خوو ڕەوشت نزمی، داتەپانی کەسایەتی، سەرئەنجام هەموو خراپە و ویرانکارییەکی بۆمان ئاشکرا کردووە. ئایا ناتوانین ڕێز لە ڕەحمەتی خودا بگرین؟ لە وە زیادتر چی تر بکات؟ با هەوڵ بدەین هەڵوێستان ڕاست بکەینەوە بەرانبەر ئەوەی خۆشی ویستین، خۆشەویستییەکی بێ هاوتا، با سوود وەربگرین لە و ئامێرانەی کە تەرخان کراون بۆ ئێمە تا بگۆڕێین و لە و بچین، وە بگەڕێین و لە و بچین، وە بگەڕێینەوە بوکۆڕی فریشتەکانی خزمەتگوزار، لەگەڵ باوک و کوڕ و گیانی پیرۆزدا هاوبەشێکی هارمۆنی و گونجاو بین. KB 13.2