کلیلی بە ختیاری

11/13

١١ - نوێژ گفتوگۆیە لەگەڵ خودا

خودا لە ڕێگەی سرووشت و ئاشکرابوونەوە، لە رێی بە تەنگ هاتنیەوە، وە بەهۆی کارتێکردنی گیانی لە سەرمان، لەگەڵ مان دەدوێ، بەڵام ئەمانە بەس نین، ئێمەش لە پێناوی ئەوەی وزە و ژیانی گیانیمان هەبێ دەبێ ئەوەی لە دڵماندا هەیە بۆ خودای هەلبڕێژین و لەگەڵ ی بدوێین. ڕەنگە هۆشمان بەرەو لای ئەو بڕوات، لە وانەیە بیر لە ڕەحمەت وبەرەکەتی کارەکانی بکەیەوە، بەڵام ئەمانە هیچی گفت و گۆی ڕاستی نییە، ئێمە بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ خودا پێویستە شتێکمان هەبێ کە بڵێین بەو سەبارەت بە ڕووداوو ڕاستیەکانی ژیانمان. نوێژ بریتییە لە کردنەوەی دڵ بۆ خودا، هەر وەکو چۆن بۆ هاوڕێ یەک. پێویستە نییە لە پێناوی ئەوەدا بێت ئەوی پێ ئاگادار بکەینەوە کەئێمە چۆنین، بەڵکو دەبێ بۆ ئەوەبێت کەئێمە بتوانین لە پێناوی ئەوە دا بێت ئەوی پێ ئاگادار بکەینەوە کە ئێمە ج. KB 68.1

چۆنین، بەڵکو دەبێ بۆ ئەوەبێت کە ئێمە بتوانین لە پیت و بەرەکەتی ئەو وەربگرین. نوێژ خودا بۆ ئێمە ناهێنێتە خوارێ، بەڵکو ئێمە بۆ لای ئەو بەرز دەکاتەوە. KB 68.2

کاتێک عیسا لە سەر زەوی بوو شاگردەکانی فێرکرد کە چۆن نوێژ بکەن، ڕێنوێنی کردن کە پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان بەرنە لای خودا، وەگشت نیگەرانی ودڵ پەرێشانیاکانیان بخەنە سەر ئەو دڵنیای کردن کە داخوازیەکانیان دەبیسترێت، ئەو دڵنیا کردنەوەیە هەروەها بۆ ئێمەشە. KB 68.3

عیسا خۆی، کاتێک کە لە نێو خەڵکدا دەژیا، زۆر نوێژی دەکرد، لاوازی و پێویستیەکانی ئێمەی بەهی خۆی دەزانی، خۆی لەگەڵ ئێمەدا کرد بەیەک، بوو بەسکاڵا بەرمان، لە خودا پاڕایەوە داوای کرد کەزیادتر هێزی بداتێ بۆ ڕوو بەڕوو بونەوەی فەرمان و تاقیکردنەوەکان. عیسا لە هەموو شتێکدا نموونەمانە، لە تەنگانەدا برامانە “لە هەموو ڕوویەکەوە وەک ئێمە تاقیکراوەیە. بەڵام وەکوبێگوناهێک سرووشتی ئەو خەتاو گوناهی ڕەتکردەوە، لە جیهانی گوناهدا بەرگەی ئەزیەت و ئازارێکی زۆرری گیانی گرت. ئەو لە مرۆڤایەتی خۆیدا نوێژی بە کارێکی پێویست و گرنگ دانا. لە گفتوگۆ کردن لەگەڵ خودا خۆشی و ئاسوودەیی دۆزییەوە، ئەگەر ڕزگارکەری مرۆڤ، ڕۆڵەی خودا، هەست بە پێویستی نوێژ بکات، دەبێ ئێمەی لاواز و گوناهکار چەند زیادتر هەست بە پێویستی نوێژی گەرم و بەردەوام بکەین. KB 69.1

باوکی ئاسمانیمان چاوەڕێی هەل دەکات تا بەرەکەتی خۆیمان پێ ببەخشێ. پێویستە بۆ ئێمە کە تێر بخۆینەوە لە کانی خۆشەویستی لە بن نەهاتووی ئەو، کەچی چەند سەیرە ئێمە کەم نوێژ دەکەین. خودا ئامادەیە و حەزدەکات کە نوێژی پاکی و ڕاستی لە کەساس ترین منداڵانییەوە ببیستێ، لەگەڵ ئەوەدا لە لایەن ئێمەوە دوو دڵییەکی ئاشکرا هەیە لە ڕاگەیاندنی پێداویستیەکانمان بەخودا، دەبێ فریشتەکانی ئاسمانی چ بیرێک بکەنەوە لە خەڵکی بێچارە و هەژار کە لەبەر دەمی تاقیکردنەوەدان، لە کاتێکدا دڵی خۆشەویستی بۆ پایانی خودا بەپەرۆشە بۆیان، وە ئامادەیە پتر لە وەی داوای دەکەن یا بیری لێ دەکەنەوە پێیان ببەخشێت، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا کەم نوێژ دەکەن و باوەڕیان کەمە. فریشتەکان حەزدەکەن کڕنووش بەرن لەبەر دەم خودا دا، وە پێیان خۆشە لێوەی نزیک بن، گفتوگۆ لەگەڵ خودا بە بەرزترین خۆشی خۆیان دەزانن. بەڵام منداڵانی ئادەم کە ئەو پەری پێویستیان بە یارمەتی ئەو هەیە، وادەردەکەوێ ڕازین بەوەی بە بێ ڕووناکی گیانی خودا، وە بێ هاوڕێیی کردنی ئەو بە ڕێگادا بڕۆن. تاریکی و شەڕی شەیتان دەور و خولی ئەوانە دەدات کە نوێژ دەخەنە پشت گوێ. درۆی کردنی دوژمن هەڵیان دەفریوێنێ بۆ گوناه، چونکە ئەوان کەڵک وەرناگرن لە و مافەی کە خودا پێی داون لە نوێژدا. بۆ دەبێ منداڵانی خودا نابەدڵ بن لە نوێژکردن لە کاتێکدا نوێژ کلیلە لە دەستی باوەڕدا بۆ کردنەوەی گەنجێنەکانی ئاسمانی کە پڕن لە سامانی دەسەڵاتداری جیهان. بەبێ نوێژ هەمیشەێی و کۆشش و پاڕانەوە ئێمە لەمەترسی گەورە بوونی کەمتەرخەمیدا دەبین کە لاماندا لە ڕێگای ڕاست. چونکە شەیتان هەمیشە لە هەوڵدان دایە بۆ خستنە کۆسپ و تەگەرە لە سەر تەختی ڕەحمەتی خودا، تا ئێمە نەتوانین بەهۆی نوێژی پاک و ڕاستەوە توانا و هێزمان دەست کەوێت بۆ بەرگری لە هەڵفریواندن. KB 69.2

چەند مەرجێکی تایبەتی هەن کە دەبێ ئەنجام بدرێن تاخودا دووعا و نوێژی ئێمە ببیستێ و وەڵامی داخوازیەکانمان بداتەوە، یەکەمیان ئەوەیە هەست بکەین کە پێویستیمان بە یارماتی ئەو هەیە. ئەو بەڵێنی داوە “ئاو بە سەر ئەوەدا دەرژێنم کەتینووە، وەلافا و بە سەر زەوی وشکدا” (ئەشعیا ٤٤: ٣)، ئەوانەی بەڕاستی تینوو برسی نیعمەتی ئەون وە ئارەزووی خودا دەکەن، دەتوانین دڵیان بن کە تێر و پڕ دەکرێن بەڵام پێویستە دڵ کراوە بێت بۆ کارتێێکردنی گیانی پیرۆز، ئەگینا توانا و بەرەکەتی خودا وەرناگرێت . KB 70.1

پێویستی گرنگ و گەورەی ئێمە خۆی لە خۆیدا بەڵگە و بەرگرییەکی زۆر ئاشکرا و ڕوون لەبەر ژەوەندی خۆمان، بەڵام دەبێ لە خودا داوا بکەین کارمان بۆ بکات، ووتی “داوا بکەن، پێتان دەدرێت” (مەتتا ٧: ٧) وە “ئەو کەدەستی بە ڕۆڵەی خۆیەوە نەگرت بەڵکو ئەوی لە پێناوی هەموو ئێمەدا بەخشی، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان ناداتێ؟” (ڕۆما ٨: ٣٢). KB 70.2

ئەگەر ئێمە گوناه لە دڵماندا ڕابگرین، یان لە ناو هەر گوناهێکی ناسراوی خۆماندا بمێنینەوە، خودا دەنگمان نابیستێ، کاتێک چەوتییە ناسراوەکان ڕاست بکرێنەوە، ئەوسا دەتوانین باوەڕ بکەین کەخودا وەڵامی دووعا و نوێژەکانمان دەداتەوە، هیچ کاتێک بەزانین و لێهاتووی خۆمان ئێمە ڕزگارنابین، بەڵکو شایستەیی عیسایە کە ڕزگارمان دەکات، خوێنی ئەوە کە پاکمان دەکاتەوە . هەروەها ئێمەش دەبێ کاربکەین بۆ ئەنجامدانی مەرجەکانی قوبووڵکردن. KB 70.3

مەرجێکی دی کە نوێژ پێی قوبووڵ و سەرکەوتوو دەبێ باوەڕە “ئەوەی کە دێ بۆ لای خودا پێویستە باوەڕ بکات کە خودا هەیە، و پاداشتی ئەوانە دەداتەوە کە بەدوایدا دەگەڕێن” (عیبرانیەکان ١١: ٦)، عیسا بەشاگردەکانی ووت “ئەو شتانەی ئێوە لە دووعا و نوێژدا داوای دەکەن، دڵنیابن کەوەریان دەگرن و بەئێوە دەبەخشرێ” (مەرقۆس ١١: ٢٤) ، ئایا ئێمە ئەومان قبووڵە وەکو لە قسەکانیدا؟ KB 70.4

متمانەیەکی بەربڵاوو لە بن نەهاتووە، ئەوەی گفتی داوە ڕاست کار و وەفادارە، کاتێک ئێمە ئەو شتانەی داوامان کردبوون وەری ناگرین، هێشتا دەبێ لە کاتی نوێژ و داواکردنماندا باوەڕ بکەێن کە خودا دەی بیستێ وەڵامی ووعا و نوێژەکانمان دەداتەوە. ئێمە زۆر هەڵە دەکەین زۆر کورت بینین، گەلێ جار داوای هەندێ شت دەکەین کە بەزیانمانە، بەڵام باوکی ئاسمانیمان لە خۆشەویستی بۆ ئێمە وەڵامی دووعا و نوێژەکانمان دەداتەوە و ئەوەمان پێدەبەخشێ کە لە چاکەی هەرەگەورەی ئێمەیە-کە خۆشمان هەر ئارەزووی ئەوەمان دەکرد-ئەگەر بمان توانیایە بە چاوێکی ڕووناکبووی ئاسمانی هەموو ئەو شتانەمان بدیایە بەو جۆرەی کەهەن. کاتێک بۆمان دەردەکەوێ کە دووعا و نوێژەکانمان وەڵام نادرێتەوە، پێویستە سووربین لە سەر پەیمانەکەمان، چونکە کاتی وەڵامدانەوە هەر دێت، وە هەر بەرەکەتی خودا وەردەگرین کە ئەوپەڕی پێویستیمان پێی هەیە. بەڵام ئەگەر بڵێن هەمیشە دووعا و نوێژمان وەڵام دەدرێتەوە بو جۆرەی کە ئێمە دەمانەوێت، وە بۆ ئەو شتە تایبەتییەی ئێمە ئارەزووی دەکەین و مەبەستمانە، ئەمە خۆ هەڵکێشانە، خودا زۆر داناترە لە وەی هەڵە بکات، وە زۆر چاکترە لە وەی کە درێغی بکات لە خێر و چاکە بۆ ئەوانەی کە ڕێگەی ڕاستیان گرتووە. دوو دڵ نەبی لە وەی کە پشت بەو ببەستی، ئەگەر وەڵامی یەکسەریشت وەرنەگرتەوە لە و شتەی داوات کردووە، پشت بە پەیمانە دڵنیاکەی ببەستە “داوابکەن پێتان دەدرێت. KB 71.1

ئەگەر ئێمە لەگەڵ ترس و گوماندا ڕاوێژ بکەین، یان هەوڵ بدەین تەواوی ئەو شتانەی چارەسەری بکەین کە ناتوانین بە ڕوون و ئاشکرا بیان بینین پێش ئەوەی باوەڕمان بەخودا هێنابێ، بەمە زیادتر سەرمان لێدەشێوێ و گێژ دەبین. بەڵام ئەگەر هەستمان بەبێ چارەیی و کڵۆڵی و ناتەواوی خۆمان کرد، وەهاتین بۆلای خودا بەو جۆرەی کە هەین، وە بەباوەڕێکی پشت ئەستوور بە مەسیح ئاگادارمان کردووە لە پێداویستی یەکانمان، وە ئەو کە زانیارییەکی بێ سنووری هەیە، هەموو شتێک لە گشت بوونەوەرێکدا دەبینێت، بە ویست و ووتەکانی لە سەر هەموو شتێک فەرمان ڕەوایە، بە تەنگ گریان و داواکاریەکانمانەوە دێت و دڵمان ڕووناک دەکاتەوە، لە ڕێی نوێژی پاک و ڕاستی لە پەیوەندیدا دەبین لەگەڵ بێری لە بن نەهاتوودا . ئێمە لە وانەیە بەڵگەی ئاشکرامان هەبێت کە دەستی ڕزگارکەرمان بە سۆز و خۆشەویستی و بەزەییەوە لە سەرمانە، بەڵام لە ڕاستیدا وایە، ئێمە هەست بە دەست لێدانی بینراوی ئەو ناکەین، بەڵاام دەستی ڕەحمەت وخۆشەویستی ئەو بەسەرمانەوەیە. KB 71.2

کاتێک کە دێین بۆلای خودا و داوای ڕەحمەت و بەرەکەتی ئەو دەکەین، ئێمەش دەبێ گیانی لێبوردن و خۆشەویستی دڵمانی پڕ کردبێت، چۆن دەتوانین نوێژ بکەین و بڵێین “لە گوناهمان خۆش بە، وەک چۆن ئێمە لە گوناهی ئەوان خۆش دەبین، کە خراپەمان بەرانبەر دەکەن.” کەچی هێشتا خۆمان گیانی لێبوردنمان تێدا نییە؟ (مەتتا ٦: ١٢)، ئەگەر ئێمە چاوەڕێی ئەوە بین کە دووعا و نوێژەکانمان بیسترێ و پەسەند بکرێت، پێویستە ئێمەش بە هەمان ڕێگەو بە هەمان ئەندازەی کە ئومێد دەکەین ببەخشرێین، خەڵكی دی ببە خشین و لێیان خۆش بین. KB 72.1

هەوڵ وکۆشش لە نوێژدا مەرجێکە بۆ وەرگرتن و وە ڵامدانەوە، ئەگەر ئێمە بمانەوێ گەشە بکەین و پێش بکەوین لە باوەڕدا ێێویستە هەمیشە نوێژ بکەین، دەبێ “سووربین لە سەر نوێژ” (ڕۆما ١٢: ١٢) وە “هۆشیار و ئاگاداربن لە نوێژدا” (١ پەترۆس ٤: ٢)، پەترۆس ئامۆژگاری شاکردەکانی دەکرد “هۆشیار و ئاگاداربن لە نوێژدا” (١ پەترۆس ٤: ٧)، پۆلس ڕێ نوێنی دەکات “لەهەر شتێکدا بەدووعا و نوێژ و سوپاسەوە داخوازیەکانت بناسێنە بە خودا” (فیلیپیەکان ٤: ٦)، وە “بەڵام ئێوە خۆشەویستانم... لە ڕۆحی پیرۆزدا نوێژ بکەن... لە خۆشەویستی خودادا خۆتان بپارێزن” (یەهوزا ٢٠: ٢١). KB 72.2

نویژی هەمیشە و بەردەوام یەکێتی گیانە لەگەڵ خودا، ژیان لە خوداوە هەلدەقوڵێ بۆ ئێمە، وەلە ژیانی ئێمەوە پاکی و پیرۆزی دەگەڕێتەوە بۆ خودا. KB 72.3

بەردەوام بوون لە نوێژ کردندا کارێکی گرنگ و پێویستە، ڕێ نەدەی هێچ شتێک رێگری نوێژت بێت هەموو هەوڵێکی خۆت بدە تا گیانت لە پەیوەدی هەمیشەیدا بێت لەگەڵ عیسا. لە هەر هەوڵێک کەڵک وەربگرە بۆ چوونە جێگای ئاسای نوێژ کردن، ئەوانەی کە بە ڕاستی داوای گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ خودا لە کۆبوونەوەی نوێژدا دەبینرێن، بە ڕاست و دروستی بە فەرمانی خودا هەڵدەستن، حەزدەکەن دەستکەوتیان هەبێت لە هەموو پیت و بەرەکەتێکدا، وە هەوڵ دەدەن لە شوێنێکدا بگیرسێنەوە کە تیشکی ڕوووناکی خودا لە ئاسمانەوە وەربگرن. KB 72.4

ئێمە دەبێ بە شێوەیەکی خێزانی نوێژ بکەین، لە هەمان کات نابێ نوێژی تەنهایی کە ژیانی گیانە بخەیەنە پشت گوێ، گیان ناگەشێتەوە ئەگەر نوێژ فەرامۆش بکرێت. نوێژی خێزانی یان گشتی جێگای نوێژی تەنهایی ناگرێتەوە، لە کاتی نوێژی تەنهاییدا بوارت هەیە کەزیاد تر دڵت بۆ خودا بکەیتەوە، وە هەر لە لایەن ئەوەوە سکڵات ببیسرێ. لە نوێژی تەنهایدا گیان دووورە لە هەر کارتێکردنێکی دەوروپشت، وەلەهەر هەڵچوون و خرۆشانێک، داواکاریەکان بە گەرمی و هێمنییەوە دەگاتە خودا کەنهێنیەکانی بەدی دەکات، وە هەر دووعا و نوێژێک کە لە ناخی دڵەوە هەڵسێ دەیبیستێ، بەرەکەتی شیرینی بۆ دێتە جۆش. بە باوەڕێکی سادە و ئارام گیان پەیوەنی ڕادەگرێت لەگەڵ خودا و پڕشنگی ڕووناکی ئاسمان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە تا هێز و پشتیوانی بێت لە شەڕی شەیتان، خودا قەڵای پتەوی ئێمەیە. KB 73.1

نوێژت لە ژووری تەنهای خۆتدا بکە، کاتێک دەست دەکەیت بەکاری ڕۆژانەت با دڵت بەرز بێتەوە بۆلای خودا، ئخنوخ بەو جۆرە لەگەڵ خودا ڕێی کرد. ئەم جۆرە نویژە بێدەنگانە وەک بوخوردی گوڵا و وایە کە لەبەر دەمی نیعمەتدا بەرز دەبێتەوە . شەیتان ناتوانێ بەسەر ئە کەسەدا سەر بکەوێت کەبەو چەشنە لە دڵیدا پاڵی بە خوداوە دابێت. KB 73.2

شوێن و کات نییە کە تێیدا پێشکەش کردنی داخوازی شیاو بۆ خودا شیاو نەبێت. هیچ شتێک ناتوانێ ڕێ لە ئێمە بگرێ لە وەی دڵمان بەرز بکەینەوە لە گیانی نوێژی ڕاستدا بۆلای خودا. ئێمە دەتوانین لە گەرمای هاتوچۆی سەرجادەکاندا، لە گەرمەی کاروباری کەسابەتی و بازرگانیدا داخوازی بنێرین بۆ خودا و داوای ڕێنوێنی ئاسمانی بکەین، هەر وەک نەحیمیا لەبەر دەم پادشای ئارتەحشسا داخوازی خۆی کرد. ئێمە لە هەر کوێیەکدا بین دەتوانین پەیوەندی بە هێزی خۆمان لەگەڵ خودا بکەین، دەبێ دەرگای دڵمان بەردەوام کراوە بێ بۆ مەسیح وەک میوانێکی ئاسمانی تێیدا بمێنێتەوە. KB 73.3

هەرچەندە لە وانەیە کەش و هەوایەکی خراپ و بۆگەن دەورەی دابین، ناچار نین لە و هەوا پیسە هەڵمژین، بەڵام دەتوانین بژین لە هەوای پاکی ئاسمانیدا، وە بە بەرز کردنەوەی گیان بۆلای خودا لە ڕێی دووعا و نوێژی خاوێنەوە دەتوانین دەرگا بەڕووی خەیاڵی پیس و بیری گڵاودا دابخەین. ئەوانەی کە دڵیان کراوەیە بۆ وەرگرتنی بەرەکەت و پشتیوانی خودا، لە کەش و هەوایەکی پیرۆزتردا ڕێ دەکەن وەک لە کەش و هەوای زەوی، وە پەیوەندییەکی پتەو و هەمیشەییان هەیە لەگەڵ ئاسمان. KB 74.1

ئێمە پێویستیمان بەوە هەیە کە بەدیدێکی ڕوونتر عیسا ببینین وە تێگەیشتنێکی قووڵتر و تەواوترمان هەبێت لە نرخی نیازە هەمیشەییەکان، دەبێ پیرۆزی وخۆشەویستی پاک دڵی منداڵانی خودا پڕبکات ئەمەش کاتێک دێتە دی کەداوای ئاشکراکردنی کارە ئاسمانیەکان بکەین ئاشکراکردنێکی ڕوونی خودایی باگیان بەرە و سەرەوە بکشێ تاخودا شەماڵی کەش و هەوای ئاسمانیمان پێ ببەخشێت. ئێمە دەتوانین زۆر نزیکی خودا بژین بە جۆرێک کە لە هەر تاقیکردنەوەیەکی چاوەڕوان نەکراودا بیرمان ڕووبکاتە ئەو هەر بەو چەشنەی کە گوڵ ڕوو دەکاتە خۆر. KB 74.2

پێداویستیەکانت، خۆشیەکانت، ناخۆشیەکانت، خەفەتەکانت، وەترسەکانت لەبەر دەمی خودا بخەرە ڕوو، تۆ ئەو بار قورس یان بێزار ناکەیت. ئەوەی کە دەتوانێ مووی سەری تۆ بژمێرێ، ئایا بەتەنگ پێویستیەکانی منداڵەکانیەوە نایەت؟ “خودا زۆر میهرەبان و بەخشندەیە” (یاقوب ٥: ١١)، دڵی خۆشەویستی خودا پەیوەندی دەگرێ بەغەم و خەفەتەکانی ئێمەوە، تەنانەت بەباسکردنیشیان بۆی، هەر شتێک بیری تۆ ئاڵۆز و سەر سوڕما و دەکات بیبە بۆ ئەو، هیچ شتێک بۆ ئەو هەڵگرتنی گران نییە، چونکە ئەو ڕاگری جیهانانە، تەواو کاروباری جیهان بە فەرمانی ئەو دەگەڕێ، هەر شتێک سەبارەت بەخۆشی ئاشتی ئێمە بێت تێبینی کردنی بۆ ئەو بچووک نیییە، هیچ بەشێکی تاقیکردنەوەی ژیانمان بۆ ئەو ئەوەندە تاریک نییە بۆ خوێندنەوەی، هیچ گیر و گرفتێک بۆ ئەو چارەکردنی سەخت نییە. هەر بەڵایەک لەمنداڵێکی بچوک ڕوو بدات، هەر نیگەرانییەک دڵ خەفەتبار بکات، هەر خۆشی و شادییەک، هەر دووعا و نویژێکی پاک، باوکی ئاسمانیان لێی ئاگادارە و بە تەنگەوەی دێت. ئەو “دڵشکاوان تیمار دەکا و برینەکەنیان دەپێچێتەوە” ( سروود ١٤٧: ٣)، ڕەفتاری خودا لەگەڵ هەر گیانێکدا ڕەفتارێکی جودا و تایبەتمەندە بەو گیانە، حیسابی ئەو تاقە گیانەی بۆدەکات کە ڕۆڵەی خۆی لە پێناودا بەخشی. KB 74.3

عیسا ووتی “لە وڕۆژەدا بە ناوی من داوا بکەن، وە پێتان ناڵێم کە من لە بر ئێوە لە باوک داوا دەکەم، چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێ وە من ئێوەم هەڵبژارد... تاهەرچی بە ناوی من لە خودا داوا بکەن بە ئێوەی بدات” (یۆحەننا ١٦: ٢٦، ٢٧؛ ١٥: ١٦)، بەڵام داواکردن بە ناوی عیسا مانای تەنها هەر ئەوە نییە کە ناوی ئەو لە سەرەتا و کۆتایی نوێژدا بەرین بەڵکو مانای ئەوەیە کە بیر و گیانی مەسیح-مان تێدا بێت، وە بروامان بە پەیمانەکانی هەبێت و پشت بە نیعمەتی ببەستین و کارەکانی ئەو بکەین. KB 75.1

مەبەستی خودا ئەوە نییە کە ئێمە ببینە گۆشەگیر و دەست لە جیهان هەڵگرین بۆ ئەوەی خۆمان تەرخان بکەین بۆکاری پەرستن و نوێژ. ژیانی ئێمە دەبێ وەک ژیانی مەسیح بێت-لە نێوان چیا و خەڵکدا. ئەوکەسەی هەموو کاری نوێژ کردن بێت بەزووی وازی لێ دەهێنێ، یان نوێژ کردنەکانی دەبێ بە رۆتین و ئاسایی، کاتێک مرۆڤ خۆی دادەبڕێت لە ژیانی کۆمەڵایەتی، دوور دەکەوێتەوە لە فەرمانەکانی مەسیحی و هەڵگرتنی خاچ، کاتێ دەوەستێ لە وەی بە ڕاستی و دڵگەرمیەوە کاربکات بۆخودای کە ئەو بە گیان و بە دڵ بۆ ئەم کاری کرد، نوێژی بێ ئامانج و بێ هۆیە. داوا کاریەکانی دەبێ بە تاکە کەسی و خۆپەرستی، نوێژ ناکات بۆ پێویستیەکانی مرۆڤایەتی بە گشتی یان پێشکەتنی فەرمانڕەوای خودا یان دەستکەوتنی هێز و توانا کە بەهۆیەوە خزمەت بە خودا بکات. KB 75.2

ئەگەر ئێمە فەرمانی تێکەڵاوی لەگەڵ یەک بخەینە پشت گوێ، وە هاندان و بە هێزکردنی یەکتر بۆ خزمەتی خودا فەرامۆش بکەین، تووشی زیان دەبین، ڕاستیەکانی وتەی خودا لە بیر و هۆشی ئێمەدا گرنگی و زیندوویەتی خۆیان لە دەست دەدەن، کارتێکردنی پیرۆزیان لە سەر ڕووناککردنەوەی دڵ نامێنێ، ئێمە دەکەوین کەوتنێکی ڕۆحی. ئەگەر ئێمە هاوهەستیمان بۆ یەکتر نەبێ زیانێکی گەورەمان لێدەکەوێت لە ڕووی تێکەڵاوی لەگەڵ یەکتردا. ئەوەی دوورە پەرێز لە خەڵکی دەژی و دیوار بە دەوری خۆیدا دەکێشێ، ئەو شوێنەوارە پڕناکاتەوەکە خودا بۆی دیاری کردووە. بە تەنگەوە بوونی هەستی کۆمەڵایەتی لە سروشتماندا بەرەو تێکەڵاوبوون و پشتگیری یەکترمان دەبات، وە هۆی گەشەکردن و توانامانە بۆ خزمەتکردنی خودا. KB 75.3

ئەگەر مەسیحیەکان پەیوەندی و تێکەڵاوی پتەویان لەگەڵ یەکدی هەبێت و بدوێن لە سەر خۆشەویستی خودا و ڕاستیە گران بەهاکانی کڕینەوە، دڵیان دەژێتەوە و یەکتریش دەبووژێننەوە، چونکە ئێمە ڕۆژانە لە تواناماندا هەیە پتر فێربین لە باوکی ئاسمانیمان و تاقیکردنەوەی تازامان دەستگیر بێت لە خێر و چاکە، وە ئارەزوو دەکەین بە دڵسۆزی لەگەڵ یەک بدوێین، ئەم کارە دڵ گەرم و هاندەرمان دەبێت، ئەگەر ئێمە زیادتر لە سەر مەسیح بدوێین و بیر بکەیننەوە، و کەمتر لە سەر خۆمان بدوێین، پتر هەست بە ئامادە بوونی ئەو دەکەین لەگەڵ ماندا. KB 76.1

ئەگەر ئێمە بیر لە خودا بکەینەوە بە ڕادەی ئەو بەڵگانەی کە هەمانە لە بایەخ پێدان و بە تەنگەوە هاتنی ئەو بۆمان، دەبێ هەمیشە ئەومان لە بیر بێت، وە خۆشحاڵ بین بە لێدووان وستایش کردنی. ئێمە لە سەر شتی ڕۆژانەی ژیانمان دەدوێین چونکە سوودمان تێدا هەیە، باسی هاوڕێکانمان دەکەین لەبەر ئەوەی خۆشمان دەوێن، خۆشی وناخۆشیمان بەوانەوە بەستراوە. لەبەر ئەوەی کە ئێمە بەڵگەی گەورەتر بێ سنوورمان بۆ خۆشەویستی خودا هەیە، دەبێ هەمیشە ئەو بکەین بە یەکەم لە هەموو بیرماندا بۆ دووان لە توانا و ڕەحمەت و بەزەیی. مەبەست لە و دییاریانەی خودا کە ڕژاندوویەتی بە سەرماندا ئەوە نییە کە بیر و خۆشەویستی ئێمە ڕابکێشێ و تێیدا نوقم بین کە ئیتر هیچمان نەبێت بیدەین بە خودا، بەڵکو مەبەستی لێی ئەوەیە کە بەردەوام لە بیرمان بێت و بمان بەستێتەوە بە پەیوەندی پێزانین و خۆشەویستی و ڕەحمەتی خۆیەوە. ئێمە لە نزمایی زەویدا نیشتەجێین، با بۆ دەرگای پیرۆزی کراوەی ئاسمانی چاومان بەرز بکەینەوە، کە لەوێ ڕووناکی شکۆی خودای لە ڕووی مەسیح دا دەدرەوشێتەوە “کە هەروەها توانای هەیە هەموو ئەوانەی بە هۆی ئەوەوە دێن بۆ خزمەت خودا ڕزگار بکات” (عیبرانیەکان ٧: ٢٥). KB 76.2

ئێمە پێویستە سوپاسی و ستایشی زۆری خودا بکەین “بۆ چاک و ڕەحمەتی، وە کارە سەرسوڕمێنەرەکانی بۆ منداڵانی ئادەم” (سروود ١٠٧: ٨). نابێ نوێژ ئێمە هەمووی هەر بۆ داواکردن و وەرگرتن بێت. با بیرکردنەوەمان هەر بۆ وەرگرتنی پێت و بەرەکەت و پێویستیەکانمان نەبێت. ئێمە ئەوەندە نوێژ ناکەین کە پێویستە، بەڵام زۆر ڕەزیل و پیسکەین لە پێشکەشکردنی سوپاس. ئێمە بەردەوام وەرگری ڕەحمەت و بەخشینی خوداین، لەگەڵ ئەوەشدا چەند کەم دان بە چاکەیدا دەنێین، وە چەند کەم سوپاس و ستایشی دەکەین بۆ هەموو ئەوانەی کردوویەتی بۆمان. KB 76.3

لەسەردەمی کۆندا خودا فەرمووی بە بەنی ئیسرائیل کە کۆببوونەوە بۆ خزمەتی ئەو “ئێوە لە وەی لە بەردەم خوداتان دەخۆن، ئێوە و خێزانەکانتان خۆشحاڵن بەوەی کە هەتانە و لە زەتی لێ دەکەن، چونکە خودا ئێوەی پیرۆز کردووە” (تەسینە ١٢: ٧)، ئەوەی دەیکەین بۆ شکۆمەندی خودا دەبێ بە خۆشی و شادی و سروودی ستایش وسوپاسەوە بێت، نەک بەغەم وخەفەتەوە. KB 77.1

خودای ئێمە باوکی مەیهرەبان و بەخشندەیە، نابێ خزمەتکردن بەو بەئەرکێکی سەخت و دژوار بزانین، بەڵکو دەبێ مایەی شادی و خۆشحاڵی منداڵانی بێت. ئەو پێی خۆش نییە کە بەگەورەیەکی توندرەوی زەبردەستی دابنێین بەڵکو ئەو هاوڕێی دڵسۆزمانە. دەیپەرستین دەیەوێ لەگەڵ ماندا بێت تابەرەکەت و ئاسوودەیمان بداتێ و دڵمان پڕبکات لە شادی و ئەوین. ئەو ئارەزوو دەکات منداڵانی لە خزمەتکردن و پەرستنی ئەودا خۆشی و دڵنەوایی بدۆزنەوە نەک سەختی و ناخۆشی. خودا حەز دەکات ئەوانەی کە دێن بۆپەرستنی ئەو لەگەڵ خۆیاندا بیر و فێربوونی گرانبەها بەرنەوە لە سەر خۆشەویستی و بە تەنگ هاتنی ئەو بۆ مرۆڤ ، تا هاندەر بن بە ڕاستی و دروستی و پاکی و دڵسۆزییەوە ڕەفتار بکەن. KB 77.2

بال ەدەوری خاچ کۆبینەوە، مەسیح و چوارمێخ کردنی ئەو بکەین بە بابەتی بیر و گفتوگۆمان و شادترین هەست و سۆزمان. ئێمە د دەبێ هەر بەرەکەتێک کە لە خوداوە وەریدەگرین لە بیرماندا بیپارێزین. وە کاتێک پەی بە خۆشەویستی و مەزنی ئەو دەبەین، باوەڕی پێ بکەین و تەواوی کار و بارمان بە دڵ نیاییەوە بسپێرین بەو دەستە کە لەبەر ئێمە لە سەر خاچ لە مێخ درا. KB 77.3

گیان دەتوانێ لە سەر باڵی ستایش و سوپاس بۆ ئاسمان بەرزبێتەوە، کەخودا پەرستان بە سروود و ئاوازەوە ڕوودەکەنە عەرشی خودا، پەرستنی ئێمە نزیک دەبێتەوە لە شێوەی پەرستنی سوپای ئاسمانی کە بە ئاواز و مۆسیقای دڵ فڕێنەوە سوپاس و ستایشی خۆیان پێشکەش بە خودا دەکەن، خودا دەفەرموێت “هەر کێ قوربانی و سوپاسی پێشکەش بکات، من شکۆمەند دەکات” (سروود ٥٠: ٢٣). با بە خۆشی و ڕێزەوە بێین بۆ خزمەت دروست کەرمان لەگەڵ “سوپاس و دەنگی ئاواز” (ئەشعیا ٥١: ٣). KB 78.1