کلیلی بە ختیاری

10/13

١٠ - ناسینی خودا

ڕێگا زۆرن کەخودا تێیدا هەوڵ دەدات خۆی بە ئێمە بناسێنێ و بمان کات بە هاوبەشی خۆی. سروشت بێ وچان لەگەڵ هەست وهۆشمان دەدوێ، ئەڤین و شکۆی خودا کە لە ڕێی کارەکانیەوە دەردەکەون کار لە سەر هەر دڵێکی کراوە دەکات، ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی خودا لە ڕێی شتەکانی سرووشتەوە دەتوانین بیان بینین بیان بیستین، کێڵگە سەوزەکان، درەختە بەرزەکان، خونچە و گوڵان، هاتوچۆی هەور، باران بارین ، هاژەی چەم، مەزنی ئاسمان، هەموو لەگەڵ دڵمان دەدوێن، بانگمان دەکەن بۆ ئاشنابوونی خودای دروست کەریان ڕزگارکەرمان نموونەی دەرسە بەنرخەکانی لە نێو سرووشتدا دەهێنایەوە، وەکو دار و مەل وگوڵ و دۆڵ وگرد و گۆم و جوانی ئاسمان، دەیبەستن بە ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانەی دەورە پشتمان کە هەموو پەیوەست بوون لەگەڵ ووتەکانی خودا تا لە بیر نەچنەوە لە نێو گیر و گرفت و کاری سەختی ژیاندا. خودا دەیەوێ کارەکانی پەسەندبن لە لایەن مندالەکانیەوە تا شاد بن بەو جوانییە ساکار و هێمنەی کە ماڵی زەویمانی پێ ڕازاندۆتەوە، چونکە ئەو دڵداری جوانییە، بە تایبەتی جوانی ڕەوشت کە پەسەند دەکات بەسەرهەموو جوانییەکی دەرەوەییدا، ئەو دەیەوێت ئێمە پەروەردەی پاکی و سادەیی بین وەکو جوانی گوڵ. KB 62.1

ئەگەر ئێمە باش سەرنجی کارەکانی خودا بدەین زۆر دەرسی گرنگیان لێوە فێر دەبین لە گوێڕایەڵی و باوەڕ هەر لە ئەستێرەکانی ئاسمانەوە بیگرە کە بە درێژایی تەمەنی ڕۆژگار بە دوای مەداری دیار کراوی خۆیاندا لە سوڕنەوەدان، تا هەر ئەتۆمێکی (زەڕەیەکی؟) بچووک لە جیهاندا گوێرایەڵی لە ویستی دروست کەریا دەکەن خودا بایەخ دەدات بەهەر شتێک کە دروستی کردووە و دەیان پارێزێ. خودا کە جیهانی لە ژمارە بەدەر لە ئاسمانی بەربڵاودا ڕادەگرێت، لە هەمان کاتدا بە تەنگ ویستی چۆلەکەیەکی بچووکەوە دێت کە بێ ترس دەجریوێنێ. کە زەحمەت کێشان دەڕۆن بۆ سەرکاری ڕۆژانەیان... خەریکی دووعا و نوێژن... لە نێو جێگادان... لە خەو هەلدەستن، کاتێ دەوڵەمەند سەرگەرمە بە میوانی و ئاهەنگەوە لە کۆشکەکەیدا، کاتێ هەژار منداڵەکانی کۆدەکاتەوە لە سەر سفرە خالیەکەی تا نانی ڕووتیان بە سەردا دابەش بکات، هەر یەکەیان بەسۆز و بەزەییەوە لە لایەن باوکی ئاسمانی یەوە بەوردی سەیردەکرێ، فرمێسکێک نییە کە بڕێژرێ و خودا نەبینێت، زەردەخەنەیەک نیە ئەو ئاگای لێ نەبێت. KB 62.2

ئەگەر ئێمە بە تەواوی بڕوامان بەم هێز و توانایە رهەبێت گشت پەرێشانیەکانمان دەڕەوێنەوە و نامێنن، ژیانمان ئەوەندە بێ هیوا نابێ وەک ئێستا، چونکە هەموو کار و بارمان بچووک یا گەورە دەدرێنە دەست خودا کە بێ گیر و گرفت جێ بەجێی دەکات، ئەوسا گیانمان دەحەسێتەوە و ئارام دەبین کە دەمێکە خۆمان وانەدیوە. کاتێک کە بە جوانی دڵڕفێنی زەوی هەستت شاد دەبێ، بیرت لای ئەو جیهانەی تر بێت کە دێت، جیهانێک کە هەرگیز گوناه و مردن ناناسێ، سایەی نەفرین نایگرێتەوە، جوانتر و شکۆدارترە لە هەر وێنەیەک کە خەیاڵی تۆ دەتوانێ بیکێشێت. ئەمە لە دیارییە جۆراوجۆرەکانی خودا لە سرووستدا تەنها ترووسکەیەکی کەم لە شکۆمەندیەکانی ئەو دەبینین، هەر وەکو دەڵێ “چاو نەی دیوە گوێ نەیبیستوە ، بە بیردا نەهاتووە، ئەو شتانەی کە خودا ئامادەی کردوون بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێ” (١ کۆرنسۆس ٢: ٩). KB 63.1

هونەرمەندان سرووشت ناسان گەلێ شتیان هەیە کە بیڵێن دەربارەی سرووشت، بەڵام ئەوەی کە ئەوپەڕی خۆشی لە جوانی سرووشتی زەوی دەبینێ خواناسە، چونکە کاری دەستی باوکی تێدا دەناسێتەوە، وە لە گوڵ و دەوەن و درەختدا خۆشەویستی خودا هەست پێدەکات، هیچ کەس ناتوانێ بە تەواوی لەمانای کەژ و دۆڵ وچیا بگات ئەگەر وەکو دەربڕینی خۆشەویستی خودا سەیریان نەکات. KB 63.2

خودا لە ڕێی بایەخ دان و کارتێکردنی گیانی خۆیەوە لە سەر دڵمان دەمان دوێنێ . ئێمە دەتوانین لە ڕوداوەکانی ژیان گۆڕان کارییەکانی رۆژانەی دەور و پشتمان دەرسی بە نرخ لە خۆشەویستی خودا وەربگرین ئەگەر تەنها دڵمان بکەینەوە بۆ بینینیان، هەر وەکو داود وەسفی دەکات و دەڵێ “زەوی پڕە لە چاکەی خودا ، وه، هەرکەس زانابێت هەستی پێ دەکات دەی بینێت، ئەوسا لە میهرەبانی خۆشەویستی خودا تێ دەگات” (سروود ٣٣: ٥، ١٠٧، ٤٣). KB 63.3

خودا لە وتەکانیدا لەگەڵ مان دەدوێ، بەشێوەیەکی ڕوون وئاشکرا تێدا سیفاتی خۆی، ڕەفتاری لەگەڵ مرۆڤ، وە کاری مەزنیی ڕزگار کردنی مرۆڤ دەردەخات. مێژووی باوکان و پێغەمبەران و پیا و چاکانی ئاینی کۆن لەبەر دەمماندا کراوەیە، کە ئەوانیش مرۆڤ بوون “وەکو ئێمە لە ژێر باری ئازاردا بوون” (یاقوب ٥: ١٧)، لە هەل و مەرجی سەختدا وەکو ئێمە زەحمەت کێش بوون، لە ژێر باری هەڵفریواندندا بوون و وەکو ئێمە کەوتن، پاشان هەڵسانەوە و سەرکەوتوو بوون لە ڕێی یارمەتی و نیعمەتی خودا. ئێمە کە ئەوان دەبینین ورەمان لە تێکۆشان بەدوای ڕاستی و دروستیدا بەرزدەبێتەوە. کە لە سەر تاقیکردنەوە بە نرخەکانیان دەخوێنینەوە، خۆشحاڵبوونیان لە ڕووناکی وخۆشەویستی و بەرەکەتدا، ئەوکارانەی کەکردیان، ئەو گیانەی کەدەریان خست، ئەوسا گڕی ئارەزوویەک لە دڵماندا کڵپە دەسێنێ و کە دەخوازین وەک ئەوان بین لە ڕەوشتدا، وەک ئەوان لەگەڵ خودا ڕێ بکەین. KB 64.1

عیسا دەربارەی پەیامی کۆن ووتی“ئەو کە شایەتی بۆ من دەدات” (یۆحەننا ٥: ٣٩)، ئەم ووتەیە لە ئینجیل دا زیادتر ڕاستی دەدرکێنێت. مەسیح-ی ڕزگارکەر جێی هیوامانە بۆژیانی هەمیشەیی، بەڵی هەموو پەرتووکی پێرۆز لە بارەی مەسیح-ەوە دەدوێ. هەر لە ووتەی یەکەمی “دروست ببنەوە” کە دەڵێ “بێ ئەو شتانەی کە دروست بوون هیچی دروست نەدەبوون.” (دوا بەڵێن ٢)، تا دەڵێ “سەیر کەن من بەم زوانە دێم” ئێمە لە سەر کارەکانی دەخوێنینەوە و گوێ لە دەنگی دەگرین . (یۆحەننا ١: ٣، دەرکەوتن ٢٢: ١٢). ئەگەر بتەوی ئاشنابیت لەگەڵ مەسیح دا پێویستە پەرتووکی پیرۆز بخوێنیتەوە. KB 64.2

هەموو دڵت پڕبکە لە ووتەی خودا، ئاوی زیندوو تینوویت دەشکێنێ، نانی زیندووی ئاسمانی تێرت دەکات. عیسا ڕایگەیاند “ئەگەر لە لەشی ڕۆڵەی مرۆڤ نەخۆن و لە خوێنەکەشی نەخۆنەوە ژیان لە دەروونتاندا نابێت”. (یۆحەننا ٦: ٥٣). پاشان ماناکەی ڕوونکردەوە و ووتی “ئەم ووتانەی من کە لەگەڵتاندا پێیدەدوێم، ئەوان گیانن، ئەوان ژیانن.” (یۆحەننا ٦: ٦٣)، هەروەکو چۆن لەشمان دروست دەبێت بەوەی دەیخۆین و دەیخۆینەوە؛ کە ئەمە یاسامان و گەشەی سرووشتە، هەمان یاسا لەمان و گەشەی گیان-یشدا هەیە؛ کە بە هەمان جۆر گیانمان پێ دەگات و گەشە دەکات بەو خۆراکە تاقیکردنەوە ڕووحیانەی کەپێی دەدەین. KB 64.3

بابەتی ڕزگارکردن یەکێ لە و بابەتانەیە کە فریشتەکان حەزدەکەن بەوردی بیبینن، کە سروود و زانستیەکی بێ ووچانی هەتا هەتاییە بۆ ڕزگاربوون، ئایا ئێستا شایانی بیری وورد و لێکۆڵینەوەی قووڵ نییە؟ خۆشەویستی ڕەحمەتی بێ سنووری مەسیح، لە خۆبوردن و قوربانی گەورەی لە پێناوی ئێمەدا، تێ ڕامان و شیکردنەوەیەکی قووڵی دەوێ. ئێمە پێویستە توێژینەوەی زۆر لە سەر سیفاتی ڕزگارکەرمان بکەین وە پتر بیر لە پایامی خۆشەویستی و ڕەحمەتی ئەو بکەینەوە کەهات بۆ ڕزگارکردنی ئادەمیزاد. کاتێک کە ئێمە بڕوانینە ئەم بابەتە ئاسمانیانە، ئەڤین و بڕوامان بەهێز ترو دووعا و نوێژمان لای خودا وەرگیراوتر دەبێت، چونکە زۆرتر لەگەڵ خۆشەویستی و باوەڕدا تێکەڵ دەبین. باوەڕمان پتەوتر دەبێت بە عیسا و تاقی کردنەوەی زیندووی ڕۆژانە بە هێز و توانای ڕزگارکردنی و ڕێگای گەڕانەوەی خەڵک بۆلای خودا لە ڕێگای مەسیحەوە. KB 65.1

کاتێک ئێمە بیر ە لە ڕەوشتی تەواو بەرزی ڕزگارکەرمان دەکەینەوە، ئارەزوو دەکەین بەتەواوی بگۆڕێین و لە وێنەی پاکێتی ئەودا نوێ ببینەوە، گیانمان پتر برسی و تینووی لە یەکچوونی ئەو دەبێ. هەرچی زۆرتر بیرمان لای مەسیح بێ پتر لە سەر ئەو دەدوێین بۆ کەسانی دەور و پشتمان و پیشانیجیهانی دەدەین. ووتەی پیرۆزی خودا لە پەڕتووکە پیرۆزەکاندا تەنها بۆ زاناکان نەنوسرابوون، بە پێچەوانەوە، تەرخان بوون بۆ خەڵکی سادە. ڕاستیە مەزنەکان کە پێویستن بۆ ڕزگاری وەکو ڕۆژی ڕووناک تێدا بەیان کراوە تا هیچ کەس بە هەڵەدا نەچێ و ڕێ وون نەکات، جگە لە و کەسانەی کە دوای قەزاوەتی خۆیان دەکەون لە جیاتی ویستی ڕوون و ئاشکرای خودا. KB 65.2

ئێمە نابێ چاوەڕێی ئەوەبین کە لە ڕێگای خەڵکەوە فێربین کە پەڕتووکە پیرۆزەکانی چیمان فێر دەکەن، بەڵکو پێویستە خۆمان ووتەکانی خودا بخوێنینەوە. چونکە ئەگەر ئێمە ماوە بدەین خەڵکی دی کاری بیرکردنەوەمان ئەنجام بدەن، ئەمە دەبێتە هۆی ئیفلیج کردنی وزە و چالاکی بیرمان، توانای گیانمان بەرەو مردن دەبات. هێزی بە نرخی بیر و هۆشمان ئەگەر بۆ مەشق و لێکۆڵینەوە لە بابەتی شایستەی وادا بەکار نەهێنرێت، لە گەورە بوون ڕادەوەستێ و ناتوانێ پەی بە مانای قووڵی ووتەی خودا بەرێت. بە لێکۆڵینەوە و براورد کردنی بابەتەکانی ئینجیل لەگەڵ پەڕتووکە پیرۆزەکانی دی و ئایەت لەگەڵ ئایەت و بابەتە گیانیەکان لەگەڵ یەکدی بیری مرۆڤ بە توانا و فراوان دەکات ئەگەر لەم مەشقەدا بەکار بهێنرێت. KB 65.3

هیچ کارێک وەکو خوێندنەوە و لیکۆڵینەوەی ووتەکانی خودا بیر و هۆش بەهێز ناکات، هیچ شتێک وەک ببیرکردنەوە لە ڕاستییە قبووڵ و پاکەکانی پەڕتووکی پیرۆز بیر و ئەقڵ پێناگەیەنی و بەرز ناکاتەوە . ئەگەر ووتەکانی خودا بەوردی وەکو پێویست بخوێنرێتەوە، فراوانی بیر، و بەرزی ڕەوشت، و پتەوی ورەی تێدا دەدۆزیتەوە، کە بەدەگمەن لەم ڕۆژگارەدا دەبینرێن. KB 66.1

خوێندنەنەوەی پەڕتوووکی پیرۆز بەپەلە کەڵکی کەمی لێ وەردەگیرێت، لە وانەیە یەکێک تەواوی ئینجیل بخوێنێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نابێت لە بەدیکردنی جوانیەکانی یان لەمانای قووڵ و شاراوەی تێ ناگات، خوێندنەوەی ئایەتێک بەلێ تێگەیشتنەوە لەماناکەی ولەپەیوەندی بە پلانی رزگارکردنی مرۆڤەوە، گەلێک بە کەڵک و بەنرخترە لە خوێندنەوەی چەند بەشێکی ئەو پەرتووکە کە نەتوانی بیر و ڕایەکی ڕوون لە سەر مەرامێک یان شیکردنەوەیەکی پۆزەتیڤی لێ بە دەست بێنێت. کەواتە ئینجیلەکەت لەگەڵ خۆت هەڵگرە، کەی هەلت بۆ هەڵکەوت بیخوێنەوە، وتەکانی لە بیرتا بچەسپێنە و لە بیری مەکە، تەنانەت کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیت، دەتوانی ئایەتێک بخوێنیەوە و لە یادتدا بیهێڵیەوە . ئێمە ناتوانین ئەقڵ و دانایی بە دەست بهێنین بەبێ خوێندنەوەی پەڕتووکی پیرۆز بە تێبینی ورد و دڵی پڕ لە دووعا و نوێژەوە نەبێت. چەند بەشێکی پەرتووکی پیرۆز لە ڕاستیدا ئەوەندە ڕوون و سادەیە کە مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لێیان بە هەڵەدا ناچێت. بەڵام بەشەکانی دی ماناکانیان قووڵە و بەچاو پێخشاندنێک دەرناکەون، دەبێ ئایەت لەگەڵ ئایەت بەراورد بکرێت، لێکۆڵینەوەی ورد و بیری پاکی نوێژ و دووعای دەوێ. خوێندنەوەی ئەم جۆرە بەخێر و چاکەی فراوان بۆمان دەگەڕێتەوە. وەک چۆن ئەوانەی بەدوای بەردە گرانبەهاکاندا ناوجەرگی زەوی دەگەڕێن و دەکۆڵنەوە، هەروەها ئێمەش پێویستە لە ووتەکانی خودا بەدوای گەنجی شارراوەدا بگەڕێین تا ئەو ڕاستییە بەنرخ و بەهایان بدۆزینەوە کە ونن لەبەر چاوی ئەوانەی پەرتووکی پیرۆز بەپەلە چاو پێخشاندنی سەرپێیی یەوە دەخوێندنەوە. ئەگەر بیر لە ووشەکانی مەسیح بکەینەوە بەووردی لە دڵماندا، وەک ڕوباری هەڵقوڵاوی سەرچاوەی ژیانن. KB 66.2

نابێ ئینجیل هەرگیز بێ دووعا و نوێژ بخوێندرێتەوە، بەر لە هەڵدانەوەی پەرەکانی پێویستە نوێژ بخوێندرێتەوە، بەر لە هەڵدانەوەی پەرەکانی پێویستە ئێمە ڕووناک کردنەوەی لە ڕوحی پیرۆز داوابکەین، کەی داخوازی کرا دەدرێت کاتێک نەتەئیل هات بۆ لای عیسا، ڕزگارکەر دەربارەی ئەو ووتی “ببینن! ئیسرائیلییەک کە بە ڕاستی فێڵ و گزی تێدا نی یە.” نەتەنائی پێی ووت لە کوێ من دەناسی؟ عیسا لە وەڵامدا ووتی “پێش ئەوەی فیلیپ تۆ بانگ بکات، کاتێک لە ژێر دارهەنجیرەکەدا بوویت، من تۆم دی.” (یۆحەننا ١: ٤٧، ٤٨)، هەروەها عیسا ئێمە لە خەڵوەتگای دووعا و نوێژدا دەبینێت ئەگەر ئێمە بە دوایدا بگەڕێین و داوای ڕووناکی لێبکەین بۆ ناسینی ڕاستی. KB 66.3

فریشتەکانی جیهانی ڕووناکی لەگەڵ ئەوانەدان کە بە ملکەچی یەوە داوای یارمەتی “ڕێ پێشاندەری پیرۆزی ئاسمانی” دەکەن. KB 67.1

ڕۆحی پیرۆز، ڕزگارکەرمان مەزن و شکۆمەند دەکات، کاری ناساندنی مەسیح و پاکی و ڕاستی و دروستی ئەو، ڕزگارکردنی مەزن کە ئێمە بەهۆی ئەوەوە دەستگیرمان دەبێت . لە بارەیەوە دەڵێ “ئەو لەمنەوە پێی دەگات، وە پێشانی ئێوە دەدات، “(یۆحەننا ١٦: ١٤) ڕۆحی پیرۆز تەنها مامۆستای کاریگەر کە دەتوانێ ڕاستی ئاسمانیمان فێر بکات، خودا چ بایەخێکی گەورەی بە نەژادی مرۆڤ داوە کە ڕۆڵەی خۆی پێشکەش کرد تا بمرێ بۆمان و ڕۆحی خۆی تەرخان دەکات تاببێت بە مامۆستا و ڕێ پیشاندەری هەمیشەیمان. KB 67.2