کلیلی بە ختیاری

8/13

٨ - گەشەکردن لە ناخی مەسیح دا

لە ووتەکانی پیرۆزی خودا گۆڕینی دڵ کە بەهۆیەوە دەبین بە منداڵی خودا بە لەدایک بوون ناوبراوە، هەروەها بەراورد کراوە بە چکەرەی تۆویی باش کە جوتیار لە کێڵگەیەکدا چاندوویەتی. هەر بەوجۆرە ئەوانەی کە تازە باوەڕیان هێناوە بە مەسیح وەک، “منداڵێکی تازە لەدایک بوو تا” گەشە بکەن بۆ پایە بەرزییەتی میللەتی مەسیح. (١ پەترۆس ٢: ٢ )، (ئەفسۆس ٤: ١٥)، یان وەک تۆویی باش کە میوە بهێننە بەر، چونکە ئەوان درەختی “چاکین، خودا ڕوواندوونی تا بە گەورە بزانرێن وستایش بکرێن.” (ئەشعیا ٦١: ٣)، ئەم نموونانە کە لە ژیانی سرووشتی یەوە وەرگیراون دەتوانن یارمەتیدەری ئێمە بن تا باشتر لە ڕازی ڕاستی ژیانی گیانیی بگەین . KB 49.1

مرۆڤ بە هەموو دانایی و کارزانییەوە ناتوانێ ژیان لە بچووکترین شتی سروستدا دروست بکات، چونکە خودا سەرچاوەی ژیانە، وەتەنها لە ڕێی ئەوەوە ڕووەک وگیانەوەران دەژین، هەروەها ژیانی گیانی بەهۆی کارکردنی خودا لە دڵی مرۆڤدا لەدایک دەبێ، مرۆڤ ئەگەر“لە سەرەوە لەدایک نەبێ” ناتوانێ ببێ بەهاوبەشی ئەو ژیانەی کە مەسیح هێنای تا بیبەخشێ بە جیهان. (یۆحەننا ٣؛ ٣). KB 49.2

گەشەکردنیش هەر وەکو ژیان وایە، خودا کە خونچە دەکات بە گوڵ، وە گوڵ دەکات بە بەر، بە هێزی خودا تۆو چەکەرە دەکا و پێدەگات “یەکەم چەکەرە، پاشان لاسک، ئینجا گوڵە گەنم.” (مەرقۆس ٤: ٢٨ ). پێغەمبەر هۆشەع دەربارەی میللەتی خودا دەڵێ “شکۆفە دەکەن وەک لاولاو، دەژینەوە وەک گەنم، گەورە دەبن وەکو مێو” (هۆشەع ١٤: ٥، ٧) . KB 49.3

مەسیح دەفەرمووێ “سەرنج بدەنە لاولاو چۆن گەورە دەبێ” (لۆقا ١٢: ٢٧). گژو گیاو بە حەز و کۆششی خۆیان گەورەنابن، بەڵکوو گەورە دەبن و گەشە دەکەن بە وەرگرتنی ئەوەی کە خودا ئامادەی کردووە بۆ گەورە بوونیان. منداڵ بە هەوڵ وهێزی خۆی ناتوانێ بستێک بخاتە سەر باڵای، تۆش هەروەها لە ژیانی گیانیدا بە هەوڵ و کۆششی خۆت ناتوانی گەشە بکەیت؛ منداڵ و گژوگیا گەورە دەبن بە وەرگرتنی ئەو شتانەی لە دەورو بەریانە کە خزمەت بە ژیانیان دەکات وەک هەوا، خۆر، ئاو، خۆراک. مەسیح-یش بۆ ئەو کەسانەی قوبوڵی دەکەن و پشتی پێدەبەستن “خۆری چاکە و و ڕووناکی هەمیشەییانە” (ئەشعیا ٦٠: ١٩)، (سروود ٨٤: ١١)، ئەو وەک “شەونمە بۆ ئیسرائیل” وەک باران دەبارێ بەسەر گیای تازەی درواودا. “(هۆشەع ١٤: ٥) (سروود ٧٢: ٦)، هەوەها ئەو” ئاوی زیندوو و نانی خودایە... کە لە ئاسمان دێتە خوارێ و ژیان دەبەخشێ بە جیهان. (یۆحەننا ٦: ٣٣). KB 50.1

خودا وەک دیاری بێ سنوور بۆ کوڕی، جیهانی دەورەداوە بەفەزای بەرەکەت هەر بەو جۆرەی کە هەوا دەوری گۆی زەوی گرتووە، هەر کەسێک هەڵمژینی ئەم فەزای بەرەکەت و ژیان بەخشە هەڵبژێرێت، بە ئەندازەی پایەی میللەتی مەسیح دەژی و گەشە دەکات. هەر بەوجۆرەی گوڵ ڕوو دەکاتە خۆری تا تیشک ڕووناکی کار لە گەشە کردن و جوانی گولدا بکات، هەر بەو چەشنە ئێمەش دەبێ ڕوو بکەینە خۆری ڕاستی و دروستی مەسیح، تا ڕووناکی ئاسمان بە سەرماندا پەخش بێت، خوو ڕەوشتمانی پێ گەشە بکات و ببینە هاووێنەی مەسیح . KB 50.2

عیسا هەمان شتی فێر دەکردن کەدەی ووت لە لەمندا جێگیربن، وەمن-یش لە ئێوەدا، هەر وەک چۆن لق خۆی ناتوانێ بەر بگرێ ئەگەر لە درەختی میوەدا جێگیر نەبێ، ئێوەش هەروەها بێ بەر دەبن ئەگەر لە مندا جێگیر نەبن... ئێوە بەبێ من هیچ ناتوانن بکەن . (یۆحەننا ١٥: ٤، ٥)، چۆن لق پێویستی بەقەدی سەرەکی درەخت هەیە تاگەورە بێ و بەر بهێنێ، پێویستی ئێمەش بە مەسیح هەر بەو چەشنەیە تا ژیانی پاک و پیرۆز بژین . بێ ئەو تۆ ژیانت نییە، هێزت نییە ڕوو بە ڕووی تاقیکردنەوەکانی بوەستی و گەشە بکەیت لە چاکیی و پاکیدا، بەڵام ئەگەر لەودا جێگیر بیت وەک ئەو درەختەی کە لە کەناری ڕوبارێکدا بێت، نە وشک دەبێ و نەزڕ، بەڵکوو هەمیشە گەورە دەبێت و بەر دەدات. KB 50.3

گەلێ کەس وابیر دەکەنەوە کە دەبێ بە تەنها خۆیان کاری گەشە کردنیان ئەنجام بدەن، ئەوان کە لێخۆش بوونی گوناهەکانیان بە خۆڕایی لە مەسیح وەرگرتووە، پشتیان بەو بەستووە، چۆن دەتوانن ئێستا بە کۆششی خۆیان ژیانێکی ڕاست و دروست بژین؟ بەڵام ئەمانە هەوڵی بێهوودەن، عیسا دەڵێ “بێ من ناتوانن هیچ بکەن” گەشەکردن وگەورەبوونمان لە نیعمەتدا، خۆشیمان، بەکەڵک بوونمان، هەمووی لە سەر یەکبوونمان لەگەڵ مەسیح دا وەستاوە، لە ڕێگای پەیوەندی و دۆستایەتی قووڵ لەگەڵ مەسیح دا، لە هەموو کات وساتێکدا، (لە ڕێگای چەسپاندنی خۆمان لەودا) ئەوسا ئێمە لە نیعمەتدا گەشە دەکەین و گەورە دەبین. ئەو هەر تەنها دانەر نییە، بەڵکوو تەواوکەری بڕوامانە، عیسا یەکەمین و دواهەمین هەمیشەیی یە. ئەو دەبێ لەگەڵ مان بێ، نەک لە سەرەتا و کۆتای رێگەدا، بەڵکوو لە هەر هەنگاوێکی ڕێگاکەدا. داود دەڵێت “من هەمیشە خودام لە پێش خۆم داناوە، چونکە ئەو لە دەستی ڕاستمە، ناجووڵێم.” (سروود ١٦: ٨). KB 51.1

دەپرسیت (چۆن من لە مەسیح-داجێگیربم؟) تۆ لەودا جێگیر دەبی بەهەمان رێگەی کە ئەوت یەکەم پەسەند کرد، “وەک عیسای مەسیح-تان بەخودا پەسند کردووە، شوێنی کەون.” (کۆڵۆس ٢: ٦)، “ڕاستی بە بڕوا دەژی” (عیبرانیەکان ١٠: ٣٨)، تۆ کە خۆت تەسلیم کرد، تەسلیم بوونێکی تەواو بۆ خزمەت و گوێڕایەڵی خودا، عیسات قوبوڵکرد بەڕزگار کەرت، کەتۆ بەتەنها ناتوانی خۆت پاک بکەیتەوە و گوناهەکانت بسڕیتەوە یان دڵت بگۆڕی، خۆت بدەرە دەست خودای مەزن، باوەڕ بهێنە کە ئەو ئەم کارەت بۆ دەکات لەبەر مەسیح، تۆ بەباوەڕ بویت بەهی مەسیح، تۆ بەباوەڕ بویت بەهی مەسیح بەباوەڕ لەودا گەشە دەکەیت. چونکە ژیان بریتییە لە دان و وەرگرتن لە چاندن و دروێنە، تۆ هەموو؛ دڵ و ویست و خزمەتت دەدەی بە خودا، لە بری ئەوەی خودا نیعمەت و بەرەکەت و گیانی مەسیح لە دڵتدا جێگیر دەکات کە دەبێ بە هێز و ڕەوشتی دروست و یاریدەدەری هەمیشەییت بۆ گوێڕایەڵی یاسای خودا. KB 51.2

بایەکەم کاری ڕۆژانەت خۆ تەرخانکردن بێت بۆ کاری خودا، بپاڕێوە و بڵێ“خودایە تەواوی بوونم هی تۆیە، هەموو نەخشە و پلانی ئەمڕۆم دەخەمە بەردەستی تۆ، بە کارم بهێنە و ڕێنوێنیم بکە بە حەزی خۆت، لەگەڵم بە، باتەواوی کاری ئەمڕۆم کاری تۆ بێت” پێویستە لە سەرت سەرەتای هەموو ڕۆژێک ڕوو بکەیت دەرگای خودا، گشت نەخشە و پلانی خۆتی بدەیتە دەست بۆ جێ بە جێ کردنی بەو چەشنەی کە خواست و ویستی خۆیەتی. بەو جۆرە ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانت دەدەیتە دەست خودا کەلە شێوەی ژیانی مەسیح-دا دای بڕێژێت تا بە وێنەی ئەو بچیت. ژیان لە مەسیح-دا ژیانی ئاسوودەییە، هەستی مەستی تێدا نییە، ئاشتی هەمیشەیی و باوەڕ. KB 51.3

پێکردنی چەسپاوی هەیە. هیوای تۆ لە خۆتدا نییە؛ لە مەسیح دایە. ئەو لاوازی تۆ دەگۆڕێ بە هێز، لە جیاتی بێ توانایی و نەزانین، توانا و زاناییت پێ دەبەخشێت. مەڕوانە “خۆت”، بیرت لە سەر “خۆت” کۆمەکەوە، بڕوانە مەسیح، بابیرت لە سەر خۆشەویستی و لە لەگەڵ ڕەوشتی جوان و پاکی ئەودا بژی. با لێبوردن و پاکی و پیرۆزی و خۆشەویستی مەسیح ببێ بە بابەتی تێڕوانینی گیانت. بە جێگیرکردنی خۆت لەودا و پشت بەستنی تەواو پێی ، دەبیت بەهاووێنەی ئەو. KB 52.1

عیسا ووتی “جێگیر بن” ئەم ووشانە مانای حەسانەوەی دڵنیایی و چەسپانیدن دەگەێنن، دووبارە بانگمان دەکات “وەرن بۆلام... من دەتان حەوێنمەوە” (مەتتا ١١: ٢٨، ٢٩). ووشەکانی داود هەمان بیر دەردەبڕێ “ئاسوودە لە خوادا، وە ئارامگرانە چاوەڕێبکەن” (سروود ٣٧: ٧)، ئەشعیا دڵنیا دەکاتەوە “لەئارام بوون دڵنیا بووندا هێزتان دەبێ” (ئەشعیا ٣٠؛١٥)، ئەم حەسانەوەیە بە مانای پاڵدانەوە و تەنبەڵی نییە چونکە لە بانگەوازی ڕزگارکەرماندا بۆکار کردن بەڵێنی حەسانەوەی داوە: “نێڵی من بەسەرتاندا هەڵگرن... دەحەسێنەوە و ئاسوودە دەبن” (مەتتا ١١: ٢٩)، چەند دڵ حەساوەبێت لە مەسیح-دا. ئەوەندە چالاکتر و گوێڕایەڵتر دەبێ بۆ ویستەکانی مەسیح. KB 52.2

ئەگەر بیر و هۆشی ئێمە پشت بە خۆببەستی بەرەو دوورکەوتنەوە و وەرچەرخانمان دەبات لە مەسیح-ی سەرچاوەی هێز و ژیانمان، ئەوسا شەیتان هەوڵی هەمیشەیی خۆی دەدا کە ڕوو وەرگێڕین لە ڕزگار کەرمان و ڕێگری گفتو گۆ و یەکێتیمان بێت لەگەڵ مەسیح-دا، لەبەر ئەوە هەوڵدەداو تێدەکۆشی بەهەرجۆرێک بێت بمانپچڕێنێ و جیامان بکاتەوە لە مەسیح، لە ڕێی ئاڵۆزی ژیان و تەماع و خۆشییەکانی ئەم جیهانە و هەڵەکانی خۆت و دەوروپشتت. باوریا بین فێل و نەخشەکانی شەیتان هەڵمان نەفریوێنێ. ئەو گەڵێ جار سەردەکەوێت بەسەر ئەوانەی کە ویژدانیان زیندووە و ئارەزووی دەکەن بژین بۆ خودا، لە سەر چەوتی و ڵاوازیان دەژی. بەدابڕینیان لە مەسیح دڵخۆش دەبی و ئارەزووی سەرکەوتن بۆ خۆی دەکات. ئێمە نابێ گوێ بە “خۆ” بدەین، وەتەسلیم بە دڵپەرێشانی و ترس ببین، ئەمانە هەموو گیان وەردەگێڕن لە سەرچاوەی هێزمان. خۆت تەسلیمی خودا بکە و پشتی پێببەستە، هەمیشە بیرت لای مەسیح بێت، با گیان لەودا بتوێتەوە، گومان و دوودڵی بخەرە لاوە، ترس لە خۆت دوور بخەرەوە، لەگەڵ پۆڵس پێغەمبەر بڵێ “دەژیم- نەک خۆم، بەڵکو مەسیح دەژی لەمندا، من ئێستا بە لەش ناژیم، بەباوەڕ دەژیم ، باوەڕی کوڕی خودا، کە منی خۆش ویست و خۆی بەخشی لە پێناوی مندا.” (غەڵاتیە ٢: ٢٠)، پشت بە خودا ببەستە و ئەو دەتوانێ بتپارێزێ، خۆت بدەرە دەستی خودا، ئەو ڕزگار و سەرکەوتوت دەکات لەبەر ئەوەی کە تۆی خۆش ویستووە. KB 52.3

کاتێک مەسیح سرووشتی مرۆڤی بەخۆیەوە گرت، بەو کارە مروڤایەتی بەستەوە لەگەڵ خۆی بەبەندی خۆشەویستی کە هیچ هێزێک هەرگیز ناتوانێ بی بچڕێنێت مەگەر لە سەر ویستی مرۆڤ خۆی نەبێت. لەبەر ئەوە بەردەوام شەیتان هەوڵی هەڵخەڵەتاندنمان دەدا لە ڕێی هەموو ڕێگایەکیەوە کە ناچارمان بکات پەیوەندیمان لەگەڵ خودا بپچڕێنین و جیابینەوە لە مەسیح لەم حاڵەتەدا ئێمە دەبێ لە کۆشش و پاڕانەوەی خودا غافڵ نەبین نەک هەڵمان فریوێنێ و گەورەیەکی دی هەڵبژێرین (چونکە ئێمە هەمیشە ئازادین بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی حەزی پێ دەکەین) مەسیح دەمان پارێزێ ئەگەر ئێمە چاومان ببڕینە ئەو و بە ڕزگار کەری خۆمانی قوبوڵ بکەین، بە ڕووکردنە مەسیح ئێمە پارێزراوین، کەس ناتوانێ بمانفڕێنێ لە دەستی. ئێمە هەرگیز دەستبەرداری نابین“ئێمە هەموومان بە ڕوویەکی کراوە تەماشای شکۆمەندی خوداوەند دەکەین، هەر وەک لە ئاوێنەدا، دەگۆڕێین بۆ وێنەی ئەو، لە پلەیەکی شکۆمەندی بۆ پلەیەکی دی، ئەوەش لە خوداوەندەوە دێت کە ڕۆحە” (٢ کۆرنسۆس ٣: ١٨). KB 53.1

بەڵێ بەم جۆرە یەکەم شاگردەکانی مەسیح توانیان ببن بەهاوێنەی ڕزگارکەری ئازیزیان، کە گوێیان لە قسەکانی بوو هەستیانکرد بەوەی کە پێویستیان پێیەتی، گەڕان بە دویدا و دۆزیانەوە و دوای کەوتن، لەگەڵی دابوون لەماڵەوە، لە سەر مێز، لە کاتی خەو، لە کێڵگە، وەک قوتابی لەگەڵ مامۆستا، وانەی ڕاستی و یرۆزییان لێوەرگرت، وەک کارێک کە فەرمان وەرگرێ لە سەرکردەکەی سەیریان دەکرد تا ئەرکی خۆیان بزانن، ئەو شاگردانە “مرۆڤ بوون وەک ئێمە” (یاقوب ٥: ١٧). ئەوانیش بەرانبەر بە گوناه هەمان جەنگ و نەبەردییان هەبوو کە ئێمە هەمانە، وە پێویستیان بە هەمان نیعمەتی یەزدان هەبوو تا ژیانێکی پیرۆز بژین . KB 53.2

تەنانەت یوحەنای شاگردی خۆشەویست، کە هاوێنەیی ڕزگارکەر بە تەواوەتی لەودا ڕەنگیدابۆوە، لەبەر ئەوەی سیفاتە جوانەکانی زگماکی وسروشتی نەبوون، خۆی بە بەرز دەزانی، سەرچڵ و بێباک ، تووڕە، بەڵام کە زۆر لە عیسا نزیک بۆوە و زیادتر سیفاتەکانی بۆ دەرکەوت، هەستی بەکم و کوڕیەکانی خۆی کرد، زانست ملی پێ کەچ کرد، ئەوی دەبینینی لە ژیانی ڕۆژانەی ڕۆڵەی خودا، لە هێز و لە ئارامی، لە توانا و لە سادەیی، لە شکۆ و لە بێ فیزی، دڵی پڕکرد لە پەسەند کردن و خۆشەویستی و سەروەری و مەزنی مەسیح دا، خوی جێگیرکرد لەودا تاببێتە هاووێنەی ئەو، وە دڵێکی نوێ لەودا دروست بکات، وهێزی خۆشەویستی مەسیح خوو ڕەوشتی بە تەواوی بگۆڕێ، ئەمە ئەنجامی دڵنیای یەکبوونە لەگەڵ مەسیح، کاتێک مەسیح لە دڵدا جێگیر دەبێ، سرووشت و خوو لە بنەڕەتدا دەگۆڕێن، چونکە جەوهەر و خۆشەویستی مەسیح دڵ نەرم و گیان ملکەچ دەکات، بیر و ئارەزوو بەرەو ئاسمان و خودا بەرز دەکاتەوە. KB 54.1

کە مەسیح سەرکەوت بۆ ئاسمان شاگردەکانی هەستی ئامادەبوونی خودی ئەویان کرد لەگەڵ خۆیان پر لە خۆشەویستی و ڕووناکی. عیسای ڕزگارکەر کە ڕۆژانە لەگەڵ ئەوان پێکەوە بوو ، هیوای دابوونێ و دڵیانی ئاسوودە کردبوو، کاتێک کە هێشتا پەیامی ئاشتی لە سەر لێوی بوو، بەجێی هێشتن، بەڵینەکانی وەک دەنگدانەوەیەک لە ڕێی هەوری فریشتەکانی ئاسمانەوە گەڕایەوە بۆیان: “ها ئەوەتا من هەمیشە لەگەڵتانم تا کۆتایی جیهان.” (مەتتا ٢٨: ٢٠). مەسیح لە شێوەی مرۆڤدا چوو بۆ ئاسمان، شاگردەکانی دڵنیا بوون لە وەی کە ئەو لەبەر دەمی عەرشی خودایە، هاوڕێی ڕزگارکەریان هەست و سۆزی نەگۆڕاوە، هێشتا یەکێکە لە مرۆڤایەتی زەحمەتکێش، مافی خوێن و برینی دەست و پێی، ئەو نرخەی کە دابووی بۆ کڕینەوەی ئادەمیزاد لەبەردەم خوادا پێشکەش دەکات، زانیان کە ئەو گەڕایەوە بۆ ئاسمان تا شوێنیان بۆ ئامادە بکات، دێتەوە و دەیانبات تا بۆ هەمیشە لەگەڵیدا بن. KB 54.2

کاتێک پێکەوە کۆبوونەوە پاش سەرکەوتنی بۆ ئاسمان ئارەزوو مەند بوون کە داخوازیەکانیان پێشکەش بە باوک بکەن بەناوی عیساوە، بەڕێز و سەنگینیەوە لە دووعا و نوێژدا سەریان دانەواند ئەو بەڵێنەیان ووتەوە “هەرچی داوابکەن لە باوک بەناوی منەوە دەتانداتێ ، هەتا ئێستا بەناوی منەوە داواتان لێ نەکردووە، داوابکەن و وەریدەگرن، تا خۆشی و شادی تەواوتان هەبێ” (یۆحەننا ١٦: ٢٣، ٢٤)، کە لەیەک دابڕان دەستی بڕوایان بەرزتروو بەرزتر کردەوە لەگەڵ ووتەیەکی بەڵگەداری بەهێز “مەسیح کە مرد ، هەستاوەتەوە، تەنانەت لە دەستی ڕاستی خودا دایەو بۆمان دەپاڕێتەوە.” (ڕۆما ٨: ٣٤)، ڕۆژی پەنجاهەمین مەسیح ڕێ پێشاندەرەی بۆناردن کە پەیمانی پیێدابوون ئەویش “ڕووحی پیرۆز بوو: بۆ ئێوە باشترە کەمن بڕۆم، چونکە ئەگەر من نەرۆم، ڕێ پێشاندەرەکە نایەت بۆڵاتان . بەڵام ئەگەر برۆم بۆتانی دەنێرم” (یۆحەننا ١٦: ٧) لە کاتەوە مەسیح جێگیر بوو لە دڵی منداڵەکانیدا، جێگیر بوونێکی هەمیشەیی، یەکێتی لەگەڵ ئەوان لە جاران نزیکتربوو کە بەلەش لەگەڵ یاندا دەژیا، هێز و ڕووناکی و خۆشەویستی ئاشکراتر لە ژیانیاندا بەدی دەکرا تەنانەت هەر کەسێک دەیبینین “سەر سوڕماو دەبوو، وە دەیناسینی و دەیزانی کە لەگەڵ مەسیح-دا بوون” (کرداری نێردراوان ٤: ١٣). KB 55.1

مەسیح بۆیەکەم شاگرددەکانی چۆن بوو، حەزدەکات بەهەمان شێوە بێت بۆ منداڵەکانی ئەمڕۆی، لە دوا نوێژ و دوعادا لەگەڵ دەستەیەک لە شاگردەکانی ووتی: “من هەر بە تەنها بۆ ئەمان دووعا ناکەم، بەڵکو هەروەها بۆ ئەوانەش کە باوەڕ دەهێنن بەمن لە ڕێی قسەکانی ئەمانەوە” (یۆحەننا ١٧: ٢٠). مەسیح دوعا و نوێژی بۆ کردین کە لەگەڵ ئەو ببین بەیەک، هەر بەوجۆرەی کە ئەو یەکە لەگەڵ باوک. ڕزگارکەر دەربارەی خۆی ووتی“کوڕ ناتوانێ بە خۆی شتێ بکات” (یۆحەننا ٥: ١٩) “ئەو باوکەی کە دەژی لەمندا، ئەو کارەکان ئەنجام دەدات” (یۆحەننا ١٤: ١٠) ئەگەر مەسیح لە دڵماندا بژی، لە ئێمەداکاردەکات “هەم لە ویست و هەم لە شادی ئەو” (فیلیپیەکانی ٢: ١٣)، کار دەکەین بەو جۆرەی کەئەو کاری کرد، ئەو جەوهەرە لە ئێمەدا ئاشکرا دەبێ کە لەودا ئاشکرا بوو، بەم جۆرە کە ئەومان خۆشویست و لەودا جێگیر بووین، ئێمە “گەشە دەکەین و گەورە دەبین لەودا لە هەموو شتێکدا کە مەسیح سەرۆکی بێت” (ئەفسۆس ٤: ١٥). KB 55.2