کلیلی بە ختیاری

7/13

٧ - ملکەچی و گوێڕایەڵی بۆ فەرمانەکانی خودا

“ئەگەر هەر کەسێک لە مەسیح دا جێگیر بێت، دەبێتە مرۆڤێکی نوێ، شتە کۆنەکان بەسەر چوون، بڕوانە، هەموو شتەکان نوێ بوونەوە.” (٢ کۆرنسۆس ٥: ١٧). KB 41.1

مرۆڤ ناتوانێ بە ڕێک و ڕوانی دەستنیشانی ئەو کات و شوێن و هەل ومەرجە بکات کە تێدا دەگۆڕێت. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو نەگۆڕابێ. مەسیح بە نیکۆدیمۆسی ووت: “با لە هەر کوێوە بیەوێت هەڵ دەکات، دەنگی دەبیستی بەڵام نازانی کەی و لە کوێوە دێ وە بۆ کوێ دەڕوا؛ بەم جۆرەیە ئەوەی لە گیان لە دایک بووبێت.” (یۆحەننا ٣: ٨)، وەک بەو جۆرەی کە با بە چاو نابینرێ، بەڵام هەست بە هێز و کارتێکردنی دەکرێ، گیانی خودا لە دڵی مرۆڤدا هەر بەو شێوەیە کاردەکات، هێزیک دەخاتە گەڕ کە چاوی مرۆڤ ناتوانێ بی بینێت، ژیانێکی نوێ لە گیاندا بەرپا دەکات، مرۆڤ دەکات بە بوونەوەرێکی نوێ لە وێنەی خودا. گەرچی کاری گیان بێدەنگ و هەست پێ نەکراو و نهێنییە، بەڵام ڕەنگدانەوەی لە کارتێکردنی ژیانی دەرەوەدا ئاشکرا و دیارە. ئەگەر دڵ نوێ بووبێتەوە بە هۆی کارتێکردنی گیانی خوداوە، ژیان شایەتی لە سەر ئەو ڕاستییە دەدات. کاتێک کە ئێمە لە تواناماندا نییە دڵی خۆمان بگۆڕین یان خۆمان بخەینە هارمۆنییەوە لەگەڵ خودا، ئێمە پێویست ناکا بە هیچ جۆرێک بڕوا بە خۆمان و کاری باشی خۆمان بکەین بۆ گۆڕین، ئیلهام بۆ ژیانمان دێت کاتێک ڕەحمەتی خودا لە گیانماندا نیشتە جێ دەبێت. گۆڕینێک لە خوو ڕەوشت و کردارماندا بەدیار دەکەوێت، بێگومان دەبێ جیاوازییەکی ئاشکرا هەبێت لە نێوان ئەوەی کەچی بووین، وە بووین بەچی! ڕەوشتی مرۆڤ دەرناکەوێت بە کارێکی ڕێکەوت باش یان خراپ، بەڵکو ڕێڕەوی ژیان و کار و کردەوە و پەیوەندی ڕۆژانە، جوانی و ڕاستی ڕەوشت دەردەخەن. KB 41.2

بەڵێ دەکرێ مرۆڤ بە ڕەواڵەت ڕەفتارێکی ڕاست و دروستی هەبێت بێ ئەوەی نوێ بوبێتەوە بە هێزی مەسیح . حەز و خۆشەویستی بۆ دەسەڵات و ڕێزی خەڵکی تر دەتوانێ سیستەمێکی رێکوپێک دروست بکات لە ژیانیدا، ڕێز لە خۆگرتن لە وانەیە بمانبات بەرەو دوورکەوتنەوە لە شەڕ و نیمچەشەڕ، دڵێکی خۆپەسەند دەتوانێ کردەوەی بەخشندەیی بنوێنێت. بەڵام ئێمە لە کەش و هەوایەکی وادا چۆن دیاری بکەین کە لە چ لایەکین؟ KB 42.1

دڵ بۆکێ یە؟ بیری ئێمە لەگەڵ کێ دەدوێین و خۆشەویستی و حەزمان بۆ کێ یە؟ ئەوپەڕی وزە و توانامان بۆ کێ بەخت دەکەین؟ ئەگەر ئێمە هی مەسیح بین دڵ و بیرمان لەگەڵ ئەوە، جوانترین و شیرینترین بیرمان لە وەوەیە! هەموو ئەوەی هەیە و هەمانە تەرخانە بۆ ئەو، ئارەزوو دەکەین کە بە وێنەی ئەو بین. بچینە نێو گیانیەوە و ویستی ئەو جێ بەجێ بکەین، لە هەموو شتێکدا ڕەزامەندی ئەو داوا بکەین. KB 42.2

ئەو کەسانەی دەبن بە دروست بوانی نوێ لە مەسیح دا، میوەی گیان لە ژیانیاندا دێتە بەر کە بریتییە لە “خۆشەویستی و شادی و ئاشتی ، هێمنی وئارام گرتن، چاکە ، باوەڕ، لە سەر خۆیی و خۆ کۆنترۆڵ کردن.” (غەڵاتیە ٥: ٢٢، ٢٣ ). ئەوان ڕێی هەوەست و سەرەڕۆیی جارانیان ناگرنە بەر، بەڵکو بە باوەڕ کردن بە ڕۆڵەی خودا، دوای هەنگاوی ئەو دەکەون، سیفاتی ئەو هەڵدەگرن، خۆیان پاک دەکەنەوە وەک پاکی ئەو. ئەو شتانەی جاران ڕقیان لێدەبۆوە ئێستا خۆشیان دەوێ، ئەو شتانەی جاران خۆشیان دەویست ئێستا ڕقیان لێدەبێتەوە. لوت بەرز و خۆ بە گەورەزان دەبێ بە سادە و سەرکز، بە فیز و بێ هوودە دەبێ بە ساکار و بە تەنگەوە هاتوو، سەرخۆش و سووک دەبێ بە هۆشیار و سەنگین، هەرزە و بێشەرم دەبێ بە داوێن پاک، ڕەوشتی پووچی جیهان وەلاوە دەنرێت، “مەسیحییەکان بەدوای جوانی ڕازانەوەی دەرەوەی لە شدا” نارۆن. بەڵکو بەدوای “جوانی ڕازاوە و شاردراوەی دڵ، ڕووحێکی نیاان و ئارامدا دەڕۆن کە وەک گەوهەرێکی لە ناو نەچوووایە و لای خودا زۆر گرانبەهایە.” (پەترۆس ٣: ٣، ٤). KB 42.3

هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ تۆبەی ڕاستی، ئەگەرهەڵنەستی بەکاری گۆڕین و چاککردن لە ژیاندا، ئەگەر گوناهکار ئەو بارمتەیەی لایەتی دایەوە، ئەوەی بردویەتی و دزیویەتی گەڕاندیەوە، دانی نا بە گوناهەکانیدا، خۆشەویستی دەربڕی بۆ خودا و بۆ برای مرۆڤی، با دڵ نیابێت لە مردنەوە گواستویەتیەوە بۆ ژیان. KB 43.1

کاتێک وەک گوناهکار و ڕێ لێوونبوویەک دێین بۆ لای مەسیح، دەبین بە هاوبەشی بەرەکەتی لێبوردنی ئەو سەرچاوەی خۆشەویستی لە دڵماندا هەڵدەقوڵێ، هەموو بارێک سووک دەبێ، ئەرک دەبێ بە خۆشی، لە خۆ بوردن دەبێ بە شادی، ئەو ڕێیەی کە لە وەوپێش تاریکی داگیرتبوو، بە تیشکی خۆری چاکی ڕووناک دەبێتەوە. KB 43.2

خوو ڕەوشتە جوانەکانی مەسیح لە شاگردەکانیدا دەبینرێ، مایەی خۆشحاڵی ئەو بوو کە بەویستی خودا کاربکات، ژیانی خۆی بۆ خۆشەویستی و مەزنی خودا تەرخان بکات، کە ئەم خۆشەویستییە هێزی کۆنترۆڵکردن بوو لە ژیانی ڕزگارکەرماندا، خۆشەویستی تەواوی کردارەکانی ئەوی دەڕازاندەوە خۆشەویستی هی خودایە، دڵی خەتاکار ناتوانی دروستی بکات یان بیهێنێتە بەر، تەنها لە و دڵەدا دەدۆزرێتەوە کە عیسا پادشایەتیی تێدا دەکات “ئێمە خۆشمان دەوێت، چونکە یەکەم ئەو ئێمەی خۆش ویستووە.” (١ یۆحەننا ٤: ١٩). خۆسەویستی بناغەی کردارە لە نێو ئەو دڵەی کە بە بەرەکەتی خودا نوێ بۆتەوە . ئەم خۆشەویستی یە چاک سازییە لە خوو ڕەوشتی مرۆڤدا، کۆنترۆڵ کەری ئارەزووە، ڕق و کینە ڕەوێنە، وە هەست و بڕوا بەرزکەرەوەیە. ئەم خۆشەویستییە ئەگەر لە گیاندا پەروەردە بێت ژیان شیرین دەکات و کارێکی باش دەکاتە سەر دەورو بەر. KB 43.3

منداڵانی خودا دەکەونە بەردەم دوو هەڵەوە، بەتایبەتی برواهێنەرانی نوێ، دەبێت وریابن لە هەڵانە، یەکامیان ئەوەیە کە لە وەوپێش لێی دواین، هەڵەی پشت بە هەوڵ و کۆششی خۆ بەستنە، کەوا دەزانن بە کرداریان دەتوانن خۆیان هاڕمۆنی بکەن لەگەڵ خودا، ڕاستی ئەوەیە ئەوەی هەوڵدەدات کە پیرۆزبێت لە ڕێی کاریەوە بە پاڕاستنی یاسا، دوای کارێکی نەبوو نەکراو کەوتووە. ئەو کارانەی مرۆڤ دەیەوێ بیکات بێ یارمەتی مەسیح دژاێەتی خودا و خۆپەرستی و گوناهە، چونکەت ه نها بڕوا بەڕەحمەت و بەرەکەتی مەسیح ئێمە پاک و پیرۆز دەکات. بەڵام هەڵەی دووهەم کە ناکۆکە بە هەڵەی یەکەم، وە مەترسی لە کومتر نییە، ئەوەیە هەندێک وادەزانن کە باوەڕ کردن بە مەسیح مرۆڤ ڕزگار دەکات لە دەست پاڕاستنی یاسای خودا و گوێ ڕایەڵی، وە کاری ئێمە پەیوەندی نییە بەسەر کڕینەوەمان لەبەر ئەوەی کە بەتەنها بەباوەڕ دەبین بەهاوبەشی بەرەکەتی مەسیح. KB 44.1

بەڵام گوێڕایەڵی لێرەدا تەنها هەر قبووڵکردنی ڕەواڵەتی نییە، بەڵکو خزمەت بەخۆشەویستییە، یاسای خودا دەربڕینی ڕەوشتی خودایە لەم یاسایەدا بناغەی خۆشەویستی چەسپاوە، لەبەر ئەوە یاسای خودا بنچینەی گوێڕایەڵییە بۆ خودا لە سەر زەوی و لە ئاسمان. ئەگەر دڵمان نوێ بوبێتەوە بەهاو وێنەی خودا، وە خۆشەویستی ئاسمانی لە دەرووندا جێگیر بوبێت، ئایا یاسای خودا لە ژیانماندا دەور نابینێت؟ کەی بڕوای خۆشەویستی لە دڵماندا جێگیربێت، کەی مرۆڤ نوێ بێتەوە بە چەشنی وێنەی دروستکەری، ئەو پەیمانەی کە لە ئینجیل دا هاتووە ئەنجام دراوە “یاساکانم دەخەمە دڵیانەوە، لە بیر و هۆشیاندا دەیان نووسم.” (عیبرانیەکان ١٠: ١٦)، ئەگەر یاسا لە دڵدا نوسرابێت، ئایا ژیان پێک ناهێنی و ناسازێنێت؟ گویڕایەڵی : خزمەت و دڵسۆزی و ئەمەکدارییە بە خۆشەویستی، نیشانەی ڕاستیی گوێڕایەڵییە، لەم ڕووەوە پەرتووکی پیرۆز دەڵێ “خۆشەویستی خودا ئەوەیە کە فەرمانەکانی بپارێزن” (١ یۆحەننا ٥: ٣)، “ئەوەی دەڵێ دەیناسم، وە فەرمانەکانی ناپارێزێ، درۆزنە و ڕاستی لەودا نییە.” (١ یۆحەننا ٢؛ ٤)، کەواتە باوەڕ هێنان، مرۆڤ لە فەرمانی گوێڕایەڵی کردن ڕزگار ناکات، بەڵکوو تە نها باوەڕە دەمانکات بە هاوبەشی ڕەحمەتی مەسیح، وە بۆ جێبەجێ کردنی گویڕایەڵی تەواو توانامان دەداتێ. KB 44.2

ئێمە لە ڕێی گوێڕایەڵییەوە ڕزگار نابین، لەبەر ئەوەی رزگاربوون دیارییەکی خۆڕایی خودایە کە لە ڕێگەی باوەڕەوە وەریدەگرین، بەڵام گویڕایەڵی بەری باوەڕە “دەزانن کە ئەو دەرکەوت بۆ ئەوەی گوناهمان لابەرێت، وە لەودا گوناه نییە، هەر کەسێک لەودا جێگیربێت گوناه ناکات، ئەوەی گوناه بکات نە ئەوی دیوە و نەدەیناسێ.” (١ یۆحەننا ٣: ٥، ٦)، تاقیکردنەوەی ڕاستی لێرەدایە، ئەگەر ئێمە لە مەسیح دا جێگیر بین، ئەگەر خۆشەویستی خودا لە ئێمەدا نیشتەجێ بێ و بژی، هەستمان، کردەوەمان هەموو هاڕمۆنی دەبن لەگەڵ ویستی خودا وەکو لە فەرمانەکانی یاسای پیرۆزدا هاتووە “ئەی منداڵان نەهێڵن کەس هەڵتانفریوێنێ، ئەوەی چاکی بکات ڕاست و دروستکارە، وەک چۆن خودا کە ڕاست کارە،” (یۆحەننا ٣: ٧)، بەڵام پێوانەی چاکی یاسای پیرۆزی خودا وەک هاتووە لە دەفەرماندا کە لە چیای سینا ناردییە خوارێ. KB 45.1

ئەوەی ناودەبرێ بە باوەڕی مەسیح کە گوایە مرۆڤ لە دەربەسەتی گوێڕایەڵی یاسای خودا ڕزگار دەکات، ئەوەی باوەڕی نییە، بەڵکو گومان ونبێ باوەڕییە بە باوەڕ “خودا بە بەرەکەتی خۆی بەهۆی باوەڕتان ڕزگاری کردن، ئەمەش لە ئەنجامی هەوڵدانی خۆتان نەبوو، بەڵکوو دیاری خودا بوو”. (ئەفەسۆس ٢: ٨)، بەڵام“باوەڕ ئەگەر کارنەکات، شتێکی مردووە لە خۆیدا.” (یاقوب ٢: ١٧). عیسا پێش هاتنی بۆ زەوی لە بارەی خۆیەوە ووتی“ئەی خودای من، خۆشحاڵ دەبم کە ویستی تۆ، وەیاسای تۆ لە ناو دڵمدا ئەنجام بدەم.” (سروود ٤٠: ٨)، پێش سەرکەوتنی بۆ ئاسمان ووتی “من بە گوێرەی فەرمانەکانی باوکم جووڵاوماتەوە و لە خۆشەویستیەکەیدا دەمێنمەوە.” (یۆحەننا ١٥: ١٠)، هەروەها ڕۆحی قودس لە زمانی ێوحەناوە دەڵێ: “بەمەدا دەزانین کە ئەو دەناسین، ئەگەر فەرمانەکانی بپارێزین.... ئەوەی کە ووتی لەودا جێگیردەبێ پێویستە لە سەر ئەو ڕێگایە بگرێت کە ئەو گرتوویەتی.” (١ یۆحەننا ٢: ٣، ٦) “هەروەها مەسیح لە پێناوی ئێمەدا ئازاری کێشا، نموونەیەکی بۆبەجێ هێشتین تا دوای هەنگاوی بکەوین.” (١پەترۆس ٢: ٢١). KB 45.2

مەرجی ژیانی هەمیشەیی ئێستاش هەر ئەوەیە کە لە وەوپێش هەبووە، وەک سەردەمی باوانی یەکەممان لە بەهەشتی عەدەندا. واتە گوێرایەڵی تەواو لە یاسای خودا و ڕاستی و دروستی، ئەگەر مەرجێکی ئاسانتر هەبوایە بۆ بە دەست هێنانی ژیانی هەمیشەی، بێ گوێڕایەڵی تەواوی خودا، ئەوسا دەرگای گوناه هەمیشە بە کراوەیی دەمایەوە و لێشاوی کڵۆڵی و مەینەتی لێوە دەهات، بەختیاری و خۆشی هەموو جیهانی دەخستە بەردەمی مەترسی لە ناوچوونەوە . KB 46.1

ئادەم پێش هەڵەکردنی دەیتوانی ڕەوشتێکی ڕاست بە گوێڕایەڵی لە یاسای خودا پێک بهێنێت، بەڵام سەرپێچی کرد و کەوت، بە گوناه و کەوتنی ئەو ئێمەش کەوتین و ناتوانین خۆمان ڕاستبکەینەوە، چونکە ئێمە گوناهکارین وپاک نین، ناتوانین بە تەواوی گوێڕایەڵی یاسای پیرۆزی خودا بین، ئێمە خاوەنی ئەو ڕاستیە نین کە بتوانین لەگەڵ داواکاریەکانی یاسای خودا یەکبگرین، بەڵام مەسیح دەرگای ڕزگاربوونی بۆ کردینەوە، ئەو لە سەر زەوی ژیا لەنێو هەموو ئەو تاقیکردنەوە و کڵۆڵی و ناڕەحەتییانەی ژیان کە ڕوو بە ڕووی ئێمەش دەبێتەوە، سەرکەوت، ژیانێکی بێ گوناه ژیا، بۆ ئێمە مرد، ئێستاش ئامادەیە گوناهەکانمان هەڵبگرێ و ڕاستی و دروستی خۆیمان پێ ببەخشێت. ئەگەر خۆت تەسلیم بەو بکەیت، وەک ڕزگارکەرت قوبووڵی بکەیت، ئەوسا ژیانی پڕگوناهت لەبەر ئەو پاک دەبێتەوە و بە بێگوناه دەژمێررێیت، سیفاتی مەسیح جێی سیفاتی تۆ دەگرێت، لە پێش دەرگای خودا حیسابی بێ گوناهت بۆ دەکرێت. لەمەش زیادتر، مەسیح دڵ دەکاتەوە و باوەڕی تێدا نیشتەجێ دەکات. KB 46.2

پێویستە تۆ ئەم پەیوەندییە لەگەڵ مەسیح دا بپارێزیت، بە باوەڕ و بەتەسلیم کردنی ویستت بەو بە بەروەوامی، تا تۆ لەم کارە بەردەوام بیت ئەو لە تۆدا کاردەکات هەم بۆ ویست و هەم بۆ شادیت، تۆ دەتوانی بڵێیت من “ئێستا بە لەش ناژیم، بەڵکو بە باوەڕ دەژیم ، باوەڕی ڕۆڵەی خودا کە خۆشی ویستم ، ژیانی خۆی بۆ کڕینیەوەی من بەخشی.” (غەڵاتیە ٢: ٢٠) لەبەر ئەوە مەسیح بە شاگردەکانی ووت “ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو گیانی باوکتانە کە لە ئێوەدا قسە دەکات.” (مەتتا ١٠؛ ٢٠)، ئەوسا مەسیح لە تۆدا کاردەکات، وەتۆش هەمان گیان دەردەخەیت، وە هەمان کاری باشە دەکەیت-کاری ڕاستی و دروستی و گوێڕایەڵی. KB 46.3

کەواتە هیچ شتێک لە خودی ئێمەدا نییە کە پێوەی بنازین، وە بنچینەیەکی پایە بڵندمان نییە، تەنها ڕووناکی هیوامان لە ڕاستی و دروستی و بەرەکەتی مەسیح دایە، وە لە و کارەی کە گیانی مەسیح دەیگێڕێ لە ئێمەدا. کاتێک ئێمە دەربارەی باوەڕی دەدوێین، دەبێ لە بیرماندا جیاوازی لە نێوان باوەڕی ڕاستی، وەتەنها باوەڕ پێکردنێکی ڕووت بکەین. تەنانەت شەیتان ناتوانێت لە دڵدا نکۆڵی لە بوون و لە هێز و لە ڕاستی و تەکانی خودا بکات . ئینجیل دەڵێ کە “هەروەها شەیتانەکانیش باوەڕ دەکەن و دەلەرزن لە ترسا” (یاقوب ٢: ١٩)، بەڵام باوەڕی شەیتان باوەڕنییە بۆ ڕزگاربوون، چونکە نەک هەر تەنها باوەڕی تێدا نییە بۆ ووتەکانی خودا، بەڵکو هەروەها ملکەچیش نییە بۆ ویستی ئەو. هەرکاتێک دڵ خۆی بە خودا تەسلیم کرد، هەست و خۆشەویستی ئەوی هەڵبژارد، ئەوە باوەڕی ڕاستییە باوەڕێک کە کاردەکاتە سەر خۆشەویستی، وە گیان خاوێن دەکاتەوە. لە ڕێی ئەم باوەڕەوە دڵ لە وێنەی خوادا نوێ دەبێتەوە، ئەو دڵەی کە هێشتا نوێ نەبۆتەوە ناتوانێ ملکەچ بێت بۆ یاسای خودا چونکە لە توانایدا نییە، ئێستا شاد و خۆشحاڵە بە دەستووری پیرۆز، لەگەڵ داود دەڵێت “ئای چەند یاسام خۆش دەوێ! تەواوی ڕۆژ وا لە بیرمدا.” (سروود ١١٩: ٩٧)، بەم جۆرە ڕاستی و دروستی یاسا لە ئێمەدا دەچەسپێ “ئێمەی کە ناڕۆین بەدووی ڕێگەی لە شدا، بەڵکو دەڕۆین بەدووی گیاندا.” (ڕۆما ٨: ١، ٤). KB 47.1

لە نێوان باوەڕ هێنەراندا ئەو کەسانە هەن کە خۆشەویستی و لێبوردنی مەسیح یان ناسیوە، حەز دەکەن ببنە منداڵی خودا، هێشتا وادەزانن کە ژیانیان پڕە لە کەم و کورتی و خەوش کەوایان لێدەکات گومان بکەن لە وەی کە ئایا دڵیان نوێ بۆتەوە بەگیانی پیرۆز! من بەوجۆرە کەسانە دەڵێم بە نائومێدی مەکشێنە دواوە، چونکە ئێمە گەلێ جار دەبێ سەردانەوێنین و فرمێسک بڕێژین لەبەر پێی مەسیح دا، بە هۆی هەڵە و کەم و کووڕیەکانمان، بەڵام نابێ ورە بەربدەین ئەگەر دوژمنیش زاڵ بێت بە سەرماندا، خودا بەڕەڵامان ناکات و بە جێمان ناهێڵێت، مەسیح لە دەستی ڕاستی خوداوە بۆمان دەپاڕێتەوە. یوحەنای خۆشەویست لەم ڕووەوە ووتی“ڕۆڵەکانم، ئەم شتانەتان بۆ دەنووسم تا گوناه نەکەن، بەڵام ئەگەر یەکێک گوناهی کرد پارێزەرێکمان هەیە لای باوکی ئاسمانیان، ئەویش عیسای مەسیح-ی ڕاست و دروست کارە.” (١ یۆحەننا ١٦: ٢٧). KB 47.2

ئەو دەیەوێت تۆ بگێڕێتەوە بۆ خۆی، ڕەنگدانەوەی پاکی و پیرۆزی خۆی لە تۆدا ببینێ، ئەگەر تۆ خۆت بەو تەسلیم بکەیت، ئەو کارە چاکەی کە ئەو لە تۆدا دەستی پێکردووە تەواوی دەکات، با لە قووڵایی دڵ و دەروونمانەوە نوێژ بکەین و بپاڕێینەوە، باوەڕی تەواو بهێنین، هەر کە هەستمان بە لاوازی هێزی خۆمان کرد، پشت ببەستین بە هێزی ڕزگارکەرمان مەسیح، سوپاس و ستایشی خودا بکەین کە ئەو دەرمانی تەندروستی دەروونمانە. ئێمە هەرچەند زۆر نزیکبینەوە لە مەسیح، زیادتر کەموو کوریەکانی خۆمان لە ناو دەبەین، بینایمان ڕوونتر دەبێتەوە، ناتەواوی خۆمان لەبەر تیشکی ڕەوشتی تەواوی ئەودا دەبینین. ئەمە بەڵگەیە کە فریوی شەیتان لە دڵماندا هێزی وونکردووە، دەروونمان دەستی کردووە بە ژیانەوە بە هۆی کارتێکردنی ڕۆحی پیرۆزەوە. خۆشەویستی مەسیح ناتوانێ لە دڵماندا بژی تا گوناهەکانی خۆمان نەناسین، ئەو گیانەی کە گۆڕاوە بە ڕەحمەتی مەسیح سیفەتی ئاسمان دەتوانێ پەسندی بکات. ئەگەر ئێمە کەم و کووڕی دەروونی خۆمان بەدی نەکەین، ئەوە بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە سەرنجمان نەداوەتە پاکی و چاکی مەسیح. هەرچەند کەمتر نرخ بۆ خۆمان دابنێین، پاکی و خۆشەویستی بێ سنووری رزگارکەرمان لا بە نرختر دەبێت، هەست بە هەڵە و گوناهی خۆمان دەکەین و بەرەو لای ئەو دەچین کە دەتوانێ لێمان خۆش بێت، کاتێک دڵ هەست بە لاوازی و بێچارەیی خۆی دەکات دەست بۆ مەسیح درێژ دەکات، ئەویش بە هێزەوە خۆی بۆ دەردەخات، چەند زیادتر هەست بە پێویستی مەسیح و ناوی خودا بکەین، ئەوەندە زیادتر ڕەوشتی بەرز و خاوێنی ئەومان بۆ دەردەکەوێت، وە زیادتر کردارمان دەچێتەوە سەر ئەو لە ناخی ئەودا گەشە دەکەین. KB 48.1